Hemin Hüseyin
05 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2018
هەولێر - AA
سەبارەت بەوەی کە گرووپی تیرۆریستی داعش، تا چەند پەیوەندیی بە ئایینی ئیسلامەوە هەیە دوو بۆچوون هەیە، بۆچوونێک پێی وایە کە داعش بۆ ناشرینکردنی ئیسلام دروست بووە و بۆچوونەکەی دیکەش پێی وایە کە داعش رووی راستەقینەی ئیسلامە و شیکردنەوەی ژمارەیەک ئایەتی قورئان بە نموونە دەهێننەوە، زانایانی ئایینی ئیسلامیش ئاماژە بەوە دەکەن کە قورئان دەوڵەمەندە بە دەق و وشە و دەتوانرێت پێناسەی جۆراوجۆر هەڵگرێت، بەڵام پێیان وایە هەموو دەق و پێناسەکان بریتین لە ئاشتی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان.
ئەمڕۆ لە سەرانسەری جیهانیدا، ئیسلام یەکێکە لە کاریگەرترین ئایینەکان و کاریگەری بەسەر تەواوی مرۆڤەکانەوە ھەیە، چونکە ئەم ئایینە، ئایینێکی ھەمەلایەنە و کۆمەڵێک پڕەنسیپ و بنەمای هەیە کە بە پێی دەقە ئاینییەکان رێکخراوە، هەروەها ئەم ئایینە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و ئاشتی و لێبوردەیی داڕێژراوە، بەڵام زۆرجار دەستەیەک یان گرووپێک هەڵساون بە پێناسەکردنی دەقە ئایینییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و گرووپی تیرۆریستی داعش نموونەیەکی زیندووە کە دروستبوونی ئەم گرووپە توندئاژۆیە کاریگەری لەسەر خودی ئایینەکە دروست کردووە و تەواوی جیهانی کردووەتە دووبەش، بەشێکیان پێیان وایە ئەمە رووی راستەقینەی ئیسلامە و بەشێکی دیکەشیان پێیان وایە ئەم گرووپە بۆ ناشرینکردنی ئیسلام دروست بووە.
لە نۆی نیسانی ٢٠١٣دا، گرووپێک لەژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام خۆی راگەیاند، بناغەی ئەو دەوڵەتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ کاتێک رێکخراوی ئەلقاعیدە لەسەر دەستی ئەبو موسعەب زەرقاوی دامەزرا، ئامانجی ئەو گرووپە ئەوە بوو کە خەلافەتێکی ئیسلامیی سوننە مەزهەب لە ناوچە سوننەنشینەکانی عێراقدا دابمەزرێنێت. گرووپی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٣ زیاتر لە ھەزار خانووی لە عێراق خاپوور کرد و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤، دوای ئاگردانی خیوەتگاکانی خۆپیشاندەرانی سوننەکان لە پارێزگا سوننەنشینەکانی عێراق لە لایەن ھێزەکانی حکوومەتی عێراق ھێزە عێراقییەکان لە هەردوو شاری رومادی و فەلـلوجە پاشەکشەیان کرد و چەکدارانی داعش ئەم دەرفەتەیان قۆستەوە و پەلاماری ئەو دوو شارەیاندا و بەشێکی زۆریان داگیر کرد.
لە میانی زیاتر لە سێ ساڵی بوونی گرووپی تیرۆریستی داعش لە ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق، سەرەڕای کوشتنی هەزارەها کەس و بێسەورشوێنکردنی هەزارانی دیکە و وێرانکردنی چەندین ناوچە، توانیان کار لەسەر ئایدۆلۆجیای بەشێک لە هاووڵاتییان بکەن و لەم چوارچێوەیەشدا ژمارەیەکی زۆر کەس لە چین و توێژە جیاوازەکان شوێن ئەم گرووپە کەوتن.زانایەکی ئایینی ئاماژە بەوە دەکات کە بە درێژایی مێژووی ئیسلام، گرووپ و کۆمەڵەی جیاجیا دروستبوون بۆ ئەوەی ئەم ئایینە بشێوێنن و کوژرانی سێ خەلیفەکەی ئیسلام (راشدین) بە نموونە دەهێنێتەوە و ئەو پێی وایە لە هەموو بارودۆخێکدا دوژمنانی ئیسلام هەوڵی ناشرینکردنی ئیسلامیان داوە.
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی تورکمان، حوسامەددین جەودەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر سەیری مێژووی ئیسلام بکەین لە سەرەتاوە، هەر لەکاتی کوژرانی سێ خەلیفەکەی ئیسلام (راشدین) کە دەستی دوژمنانی تێدابووە، بەردەوام کۆمەڵە و گرووپ دروستبوون بۆ شێواندن و ناشرینکردنی ئایینی ئیسلام، هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە ئیسلام هەڵگری پەیامی ئاشتییە و ئاشتی یەکەمین بنەمای ئیسلامە، بۆ ئەوەی ئەم ئایینە ناشرین بکرێت، زۆرجار دوژمنانی ئیسلام گرووپیان دروستکردووە کە دواترینیان گرووپی تیرۆریستی داعش بوو کە بە ناوی گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکان و گوایا لەسەر رێچکەی پێغەمبەر دەڕۆن، هەتا لە رووی ئاڵا و قسەکردنیشەوە خۆیان وا نیشان دەدا کە موسڵمانن و لەم چوارچێوەیەشدا کۆمەڵێک کەسیان هەڵخەڵەتاند".
حوسامەددین جەودەت پێی وایە ئەوانەی ئەم جۆرە گرووپە تیرۆریستییانە دادەمەزرێنن، هیچ زانستێکی ئاینییان نەخوێندووە و ئاماژەیش بەوە دەکات کە پێویست بوو مامۆستایانی ئایینی زووتر خەڵکیان لەوە هۆشیار بکردایەوە بۆ ئەوەی رۆلەکانیان لە لایەن ئەم جۆرە گرووپە تیرۆریستانەوە هەڵنەخەڵەتێنرین نەدزرێن و گوتی: "ئەرکی سەرشانی مامۆستایانی ئایینییە کە رێگا نەدەن ئەم جۆرە گرووپە تیرۆریستییانە منداڵەکانمان لێ بدزن چونکە کاتێک کەسێک دەچێتە ناو ئەو گرووپانە، پاشان دەزانێت کە چ هەڵەیەکی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی دامەزرێنەری ئەو جۆرە گرووپانە یان پزیشکن یان ئەندازیارن و رۆشنبیرییەکی گشتییان هەیە و لە رووی زمانەوانییشەوە هەڵەیان هەیە و دەرچووی هیچ ناوەندێکی زانستیی ئایینی نین".
سەبارەت بە کاریگەری داعش لەسەر ئیسلام، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی تورکمان، حوسامەددین جەودەت گوتی: "پێش رووداوەکانی یازدەی سێپتێمبەر خەڵکێکی زۆر بەرەو ئایینی ئیسلام دەهات. بەڵام دوای ئەو رووداوانە و سەرهەڵدانی ئەو گرووپە توندڕەوانە، ئەوا خەڵک هەلگەڕانەوە و ئەمەش گورزێک بوو کە بەر ئیسلام کەوت و ئایینی ئیسلامییان ناشرین کرد".
حوسامەددین جەودەت گوتیشی: "پێویستە گەنجەکان وا پەروەردە بکەین کە هەڵگری بیری ئاشتی و پێکەوەژیان بن و بۆ ئەم کارەش هەموومان تیایدا بەرپرسیارین و پێویستە هەست بەو بەرپرسیارییەتییە بکەین".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پشکنین لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەید سەدیق کەپرانی پێی وایە بە درێژایی مێژوو ئەم جۆرە گرووپە تیرۆریستییانە، لەژێر ناو و ئاڵای جیاجیا بە ئایدلۆجیای دیکەوە دەرکەوتوون و ئەمەش بۆ مەرامێکی سیاسیی خۆیانە و پەیوەندیی بە ئیسلامەوە نییە.
سەبارەت بە کاریگەری گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش لەسەر ئایینی ئیسلام، سەید سەدیق کەپرانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم جۆرە گرووپە تیرۆریستیانە مێژوویەکی کۆنیان هەیە و دەتوانین بڵیین مێژووی چەند سەدەیان هەیە، لەڕابردووشدا هەر گرووپێک بە جۆرێک ئاڵا و ئایدۆلۆجیای دیکەوە دەرکەوتوون، ئەوانە نوێنەری ئیسلام نین. چونکە ئیسلام بۆ خۆی ئایینێکی سەلامەتە و لەسەر بنەمای یەکتر قبووڵکردن و پێکەوەژیانە و ئاشتی دروست بووە".
ناوبراو گوتیشی: "ئەو گرووپە تیرۆریستییانە ئایینی ئیسلامییان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بتوانن بەرژەوەندییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئیسلام ناشرین بکەن، واتا ئامانجیان ئەوە بوو خەڵک چەواشە بکەن بە ناوی ئیسلام و بە خەڵک بڵین ئەم رەوتی توندوتیژییەی کە ئێمە ئەنجامی دەدەین ئەمە رووی راستەقینەی ئیسلامە. بەڵام ئێمە پێویستە سەیری قورئانی پیرۆز بکەین کە هیچ پەیوەندی بە داعشەوە نییە و لە بنەڕەتدا ئایینی ئیسلام بریتییە لە ئاشتی و لێبوردەیی".
دوای رووخاندنی بە ناو دەوڵەتی خەلافەت لە پارێزگای مووسڵ، ژمارەیەک لە چاپەمەنییەکانی داعش کەوتە بەردەستی هاووڵاتییان کە تیایدا بەشێک لە ئایەتەکانی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەریان بەکارهێنابوو وەکو پاساوێک بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانییان و ئەو زانا ئایینییە پێی وایە کە قورئان دەوڵەمەندە بە وشە و دەق بەو پێیەش دەتوانرێت پێناسەی جیاجیای بۆ بکرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "قورئان دەوڵەمەندە بە لێکدانەوەی دەقەکان و هەر کەسێک دێت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی پێناسە بۆ دەقەکان دەکات، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بنەماکانی ئایینی ئیسلام، سەیر دەکەین ئەو کارەی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە دەیکەن هیچ پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە".
لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤، گرووپی تیرۆریستی داعش پەلاماری شاری مووسڵی دا و دوای چەند رۆژێک بەناو خەلیفەی ئەو دەوڵەتە، ئەبوبەکر بەغدادی لە مزگەوتی نوری ئەو شارە خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند و دوای ئەوەش مووسڵ بوو بە پایتەختی داعش.
لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ لە لایەن هێزە عێراقییەکان و هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان دەستی پێکرد و لە رۆژی ١٠ی تەمووزی ٢٠١٧ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لەناو شاری مووسڵ، کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی شارەکەی راگەیاند و بەم جۆرەش بە ناو خەلافەتەکەی داعش لە عێراق بەرەو نەمان چوو.