Rewa Mahmut Hasan
04 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2017
لەگەڵ تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستی لەلایەن ئێرانەوە و دوای ئەوەی ئەمریکا سەرلەنوێ سزای تازەی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات روو لە زیادبوونە و نیگەرانییەکان لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمیەوە تادێت زۆرتر دەبن.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئەوەی هۆشداری دایە ئێران لەهەمبەر هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، هاوکات هەرەشەی بەکارهێنانی هێزیش ناوبەناو دەبێتە مژاری لایەنەکان، ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تۆمەتی پشتگیری کردنی سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر پرسی پرۆگرامی موشکی بالیستی تاران سزای بەسەر ١٣ کەس و ١٢ کۆمپانیادا سەپاندووە.
هاوشانی ئەو پێشهاتانە قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتیانی حەوت وڵات کە زۆربەی دانیشتوانەکەی موسوڵماننن کە ئێرانیشیان لەنێودایە نیگەرانییەکان لەمەڕ داهاتووی رێککەوتنی ئەتۆمی زیاتر دەکات.
بەڵام پسپۆران ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە و تاک لایەنانە ناتوانرێت هەنگاوێکی لەو چەشنە بنرێت.
پسپۆری سیاسەتی ئەتۆمی و رۆژهەڵاتی ناوەراست لە زانکۆی پرینستۆن و دانوستانکاری پێشووی ئەتۆمی ئێران، حوسێن موسەویان، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە داهاتووی رێککەوتنی ئەتۆمی و پەیوەندییەکان نێوان تاران و واشنتۆن دەکات.
دیپلۆماتکاری پێشووی ئێرانی موسەویان، ئاماژەی بەوەدا کە دۆخەکە دەکرێت لە روانگەی گوتەکانی رێبەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەئی سەیر بکرێت لەسەر پرسی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمیی، کاتێک رایگەیاندبوو، بۆ ئێمە هیچ مایەی گۆرانکاری نییە نە نیگەران دەبین نەپێمان خۆشە، خۆمان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە کردووە".
موسەویان ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکایەتی ترەمپ هیچ گۆرانکارییەک لەبارەی ئێرانەوە ناهێنێتە ئاراوە و ئاشکرای کرد کە ئێران بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لەمەڕ رێککەوتنی ئەتۆمیەوە جێبەجێ دەکات و بەردەوام دەبێت، هاوکات چاوەڕێشە ئێران و لایەنەکانی رێککەوتنەکە بەرپرسیارێتیەکانیان بەهەمان شێوەی جێبەجێ بکەن.
موسەویان لەبارەی داهاتووی رێککەوتنەکەشەوە گوتی: " لەو بروایەدا نیم کە ترەمپ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران هەڵبوەشێنێتەوە. بڕیارێکی لەو چەشنە ئەمریکا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دادەبڕێت".
کۆمپانیای ئەوراسیا گروپی راوێژکاریی مەترسی سیاسی کە ناوەندەکەی لە نیویۆرکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری لەسەدا ٦٠ هەیە رێککەوتنە بەردەوام بێت، بەڵام توند کردنەوەی سزاکانی سەر ئێران لە لایەن ترەمپەوە رێژەی ئەو ئەگەرە دادەبەزێنێت.
یەکەم سزاکانی ئیدارەی ئەمریکا بۆ سەر ١٣ کەس کە هاووڵاتیی ئێران، لوبنان و چین و ١٢ کۆمپانیا لە خۆ دەگرێت کە لە رۆڵیان هەیە لەبەرنامەی موشەکی بالیستیکی ئێرانی.
ئەو کەسانەش بریتین لە: یەحیا ئەلحاج، عەبدوڵڵا عەسغەرزادە، داریان تەننی ، حەسەن دەهقان ئیبراهیمی، محەممەد-ئەمیر فەرهاد، محەمەد مەقام، کامبیز رۆستەمیان، عەلی شەریفی، کین خوانهوا، ریچارد یوی، مستەفا زاهیدی، قودرەت زارگاری و کاڕۆڵ ژۆو.
هەر یەکە لە کۆمپانیاکانی Cosailing Business Trading, East Star, Ervin Danesh Aryan, Maher Tradin and Construction, Mirage for Engineering and Trading, Mirage for Waste Management ve Environmental Services, MKS International, Ningbo New Century Ofog Sabze Darya, Reem Pharmaceutical, Royal Pearl General, Zist Tajhiz Pooyesh، لەناو کۆمپنایا سزا بەسەرداسەپێنراوەکاندا جێ دەگرن.
پێشبینی دەکرێت بەهۆی سزاکانەوە دەست بەسەر هەموو داهاتی ئەو کەس و کۆمپانیایانەدا بگیرێت لە ئەمریکا و کارەکانیان لەو وڵاتە قەدەغە بکرێت.
ریچاردس نێفیو کە وەک پسپۆڕی سزا لە تیمی دانوستانکاری ئەمریکی لەبارەی ئێران ئەرکی پێ سپێردرابوو بە کەناڵی CNBC راگەیاند، سزاکانی ئیدارەی ترەمپ لە سەردەمی جۆرج دەبلیو بووش و باراک ئۆباماش جێبەجێ کران و لە چوارچێوەی درێژکردنەوەی یاسای سزاکان تاکو ساڵی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت.
ئەمریکا بۆ جاری یەکەم لە ساڵی ١٩٩٦ دەستی کرد بە جیبەجێکردنی سزاکانی بەسەر ئێراندا و لە ساڵی ٢٠٠٦ یاسای سزاکانی سەر ئێران بۆ ١٠ ساڵی دیکە درێژکرایەوە و لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ش دیسانەوە بۆ ١٠ ساڵی دیکە درێژ کرابووەوە.
دوای ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی ئێرانی لە ١٤ی تەمووزی ٢٠١٥ رایگەیاند کە ئامادەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی چەکی ناوەکین، لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران هەڵگیران. لەبەرئەمە ئیدارەی تاران بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە بڕیاری ژمارە ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی پێشێلکردووە کە لەبارەی پەسەندکردنی رێککەوتننامەی سنوردارکردنی وزەی ناوەکی ئێران دەرچووە.
ئەم رێککەوتننامەیە کە لەنێوان وڵاتانی ٥+١ و ئێران واژوو کراوە، ئاماژەی بەوە داوە لە ئەگەری سنووردارکردنی چالاکییەکانی وزەی ناوەکی ئێران سزاکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵدەگیرێن. لەلایەکی دیکەوە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش باسی لە چالاکی تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیک نەکردووە. لەبەر ئەمە کاتێک هەفتەی رابردوو ئەمریکا ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ئەو وڵاتە بە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیک بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی پێشێل کردووە ، گەورە بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند کە تاقیکردنەوەی ئەم جۆرە مووشەکە بەشێک نییە لە رێککەوتننامەکە لەبارەی چەکی ناوەکی.