Muhammet Ali Kemal
28 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2016
نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ سووریا، ستافان دی میستورا دوای ئەوەی لە رێگەی تەلەكۆنفەرانسەوە زانیاریی سەبارەت بە كۆبوونەوەكان لەبارەی سووریاوە لە جنێڤ، دایە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان، لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا.
دی میستورا ئاماژەی بەوەكرد كە هەرەسهێنانی رێككەوتنی ئاگربەست لە سووریا، مایەی نیگەرانییە و، بووەتە هۆی ئەوەی كە كۆبوونەوەكان پەكیان بكەوێت و رایگەیاند:
''لەماوەی ئەنجامدانی كۆبوونەوەكاندا هەموو رۆژێك رووداوێك دەهاتە ئاراوە. هەر چەند سەعاتێك لەمەوبەر هێرشێكی ئاسمانیی كراوەتە سەر نەخۆشخانەیەك لە خۆرهەڵاتی حەلەب و دوایین دكتۆری منداڵان كوژراوە. چەند رۆژێك لەمەوبەر لە دیمەشق ١٥ كەس كوژران، ٣٠ كەسی دیكە بریندار بوون. دوو كەس لەو ١٥ كەسەی كوژراون، لەو كەسانە بوون كە پێشتر بەناڕەحەتی ئازاد كران. دوێنێ لە نزیك حەلەب، پێنج كەس كە گیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە بۆ ئەوەی ژیانی ژمارەیەك هاووڵاتی رزگار بكەن، لەئەنجامی هێرشێكی ئاسمانیدا یان هێرشێك بە مووشەك، كوژراون. لەماوەی ٤٨ سەعاتی رابردوودا لە هەر ٢٥ خولەكێك یەك سووری كوژراوە و لەهەر ١٣ خولەكێكیشدا كەسێك بریندار بووە''.
- داواكاریی لە ئەمریكا و رووسیا بۆ ئەوەی لەسەر باڵاترین ئاست هەوڵی چارەسەر بدەن
ستافان دی میستورا ئاشكرای كرد كە هێشتا جیاوازی زۆر گەورە لەنێوان بۆچوونی لایەنەكاندا هەیە و گوتی:
''تا مانگی تەمووزی داهاتوو، لانیكەم مانگێكی دیكە یان دوو گەڕی كۆبوونەوەكان بەڕێوە دەچێت. رێككەوتنی ئاگربەست ئەگەری هەیە لەهەر ئان و ساتێكدا كۆتایی بێت و پێویستە گیانی بەبەردا بكرێتەوە. رووسیا و ئەمریكا هاوشێوەی ئەوەی مانگی شوباتی رابردوو، پێویستە دووبارە ئەو رێككەوتنە بخەنەوە بواری جێبەجێكردنەوە. پلانم هەیە لە مانگی ئایاری داهاتوودا دەست بە كۆبوونەوەكان بكەمەوە، بەڵام دەست پێ كردنی گەڕی داهاتووی كۆبوونەوەكان ئەو كاتە مانای دەبێت كە رێككەوتنەكە بچێتەوە ئەو ئاستەی لە مانگی شوباتدا تێیدا بوو. هەر بۆیە داوا لە ئەمریكا و رووسیا دەكەم لەسەر باڵاترین ئاست هەوڵی چارەسەر بدەن. هەروەها پێویستە گرووپی نێودەوڵەتی پشتیوانیی لە سووریا لەسەر ئاستی وەزیرەكان كۆببنەوە''.
- ''ئەگەر ئاگربەستەكە گیانی بەبەردا بكرێتەوە، ئەوا هەموو لایەنەكان دەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ''
لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێكدا سەبارەت بەوەی چۆن دەكرێت لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن دووبارە بگەڕێنەوە سەر میزی گفتوگۆ، نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند ''ئەگەر بێت و ئاگربەستەكە گیانی بەبەردا بكرێتەوە، ئەوا گەڕانەوەی لایەنەكان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ كارێكی قورس نییە''.