Sangar Hamad Azeez
26 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2016
پاریس -AA
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، یان مارک ئیرۆڵت رایگەیاند: "لە ئەگەری بەردەوامی پشتیوانی رووسیا و ئێران بۆ ئەسەد ئەوا ئەو دوو وڵاتە دەبنە هاوبەشی رژێمی سووریا لە تاوانەکان".
لە روونکردنەوەیەکی نووسراودا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، یان مارک ئیرۆڵت ئاشکرای کرد کەوا هەریەک لە فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەمریکا داوای کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە.
ئیرۆڵت جەختیکردەوە لەوەی کە ئەسەد توندوتیژی هەڵبژاردووە و گوتی: "هەموو لایەنەکان دەیانەوێت کێشەکە بە رێگەی سیاسی چارەسەر بکەن. داوا لە ئێران و رووسیا دەکەم واز لە ستراتیجیەتی پشتیوانی کردنی ئەسەد بهێنن بە پێچەوانەوە دەردەکەوێت کە ئەوان هاوبەشی رژێمەکەی ئەسەدن لەو تاوانانەی کە لە سووریا ئەنجام دەدرێن".
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ئەوەیشی راگەیاند کەوا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت باس لە بابەتەکانی کۆتایی پێهێنانی توندوتیژییەکان بکرێت لە حەلەب دژ بە هاووڵاتییان و هەروەها گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناوچەکە.