Hemn Baban
24 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2016
هێرشەكە بۆ سەر گوندەكانی دەوروبەری ناحییەی گەیارەیە و مەبەست لێی دوورخستنەوەی داعشە.
كاتژمێر 4ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزەكانی فیرفەی 91 و لیوای 72 لە سوپای عێراق كە لە نزیك قەزای مەخموور (60 كیلۆمەتر دوورە لە هەولێرەوە) جێگیر كراون هێرشێكیان بۆ سەر چەند گوندێكی باشووری رۆژئاوای قەزای مەخموور دەستپێكرد و توانیویانە دە گوند لەدەستی چەكدارانی داعش دەربهێنن و بە گوتەی سەرچاوەکانی ئانادۆڵو لە ناو شەڕەکە، تەرمی دەیان چەكداری داعشیشیان بكەوێتە دەست.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە نێو ئۆپەراسیۆنەكەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت "ئەمڕۆ گوندەكانی كەرمردی، سوڵتان عەبدوڵا، گودیلە، خەتاب، نەسر، مەهانە، خەربەردان، سەڵاحییە، مەکووک و تەنتەمان لەدەستی داعش دەرهێنا و چەكدارانی داعش هیچ رووبەڕوووبوونەوەیەكیان بەرامبەرمان نەنواند، بەڵكو بەبێ ئەوەی هیچ تەقەیەك بكەن داعش ئەو گوندانەی بەجێهێشت و لەگەڵ هێرشەكەی سوپای عێراق چەكدارانی داعش سواری ئۆتۆمبیلەكانییان بوون و هەڵاتن".
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی هێشتا ئۆپەراسیۆنەكە بەردەوامە و بەنیازن چەند ناوچەیەكی دیكەش كۆنترۆڵ بكەنەوە.