Muhammet Ali Kemal
23 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2017
جنێڤ - AA
شاندی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە گەڕی پێنجەمی کۆبوونەوەکانی جنێڤدا کە بڕیارە بە سەرپەرشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری جنێڤی سویسرا بەڕێوەبچێت، ئاشکرای کرد ئەوان خوازیارن راستەوخۆ دەست بە دانوستانەکانی قۆناغی راگوزەری سیاسیی بکەن.
شاندی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرۆکایەتی ناسر حەریری بەمەبەستی بەشدارییکردن لە گەڕی پێنجەمی کۆبوونەوەکانی جنێڤدا کە بڕیار ئەمڕۆ دەست پێ بکات، گەیشتنە جنێڤ.
گوتەبێژی لیژنەی باڵای دانوستانی ئۆپۆزسیۆن، سالم موسڵەت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا لە هۆتێل رۆیاڵی جنێڤ، رایگەیاند ''ئەمڕۆ کاتژمێر 12:00 لەگەڵ تیمی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان، ستافان دی میستورادا کۆدەبینەوە. ئێمە بەمەبەستێکی جددیی هاتووینەتە ئێرە. دەمانەوێت لایەنی بەرامبەریشمان جددیی بێت. سوورین لەسەر ئەوەی راستەوخۆ لەگەڵ رژێمدا کۆببینەوە. هیچ کاتمان بەدەستەوە نەماوە بۆ ئەوەی لەدەستی بدەین''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی لەبەرامبەر هێرشەکانی رژێمی بەشار ئەسەددا ئۆپۆزسیۆنی سەربازیی لە هەریەک لە دیمەشق و حەما ئۆپەراسیۆنی دەستپێکردووە، موسڵەت رایگەیاند ''هۆکاری ئۆپەراسیۆنەکان ئەو رێکارانەیە کە رژێم لە وادی بەڕەدا گرتوویەتییە بەر. ئەو ئۆپەراسیۆنانە لە پێناو ئەوەدا دەکرێت کە ئەو سیناریۆیە و کۆچپێکردن لەلایەن رژێمەوە دووبارە نەکرێتەوە''.
موسڵەت باسی لەوەکرد بەرلەوەی بێن بۆ جنێڤ، لەگەڵ ستافان دی میستورادا لە ریاز کۆبوونەتەوە و گوتی: ''هەموو گفتوگۆکانمان لەسەر هەرچی زووە دەستکردن بە قۆناغی راگوزەری سیاسیی بوو''.
سالم موسڵەت جەختی لەوەکردەوە کە قۆناغی راگوزەری سیاسیی پێویستە ''ئەسەدی تێدا نەبێت'' و رایگەیاند ''لە رێگەی رۆیشتنی ئەسەدەوە، دەکرێت داعش کۆتایی بێت''.
ئەو گوتەبێژە باسی لەوەکرد ئەوان چاوەڕێی ئەوە دەکەن ماددەکانی بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە حکوومەتی راگوزەر کە خۆی لە ئامادەکردنی دەستوور و رێکخستنی هەڵبژاردنی دادپەروەرانەدا دەبینێتەوە جێبەجێ بکرێن و گوتی: ''نە رووسیا و نە ئێران، ناتوانن دەست لە ئامادەکاریی دەستوور وەربدەن''.
موسڵەت باسی لە سووربوونی رووسیا لەسەر بەشداریی پەیەدە لە کۆبوونەوەکاندا کرد و رایگەیاند ''کورد لەناو ئێمەدا بە رێژەیەکی گونجاو نوێنەرایەتی دەکرێن. ئەمانە نوێنەری راستەقینەی کوردن''.
گەڕی پێنجەمی کۆبوونەوەکانی جنێڤ لەبارەی سووریاوە، لەلایەن یاریدەدەری ستافان دی میستورا، رەمزی عزەددین رەمزی-یەوە، لە رێگەی کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانەوە دەست پێ دەکات.
چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوکردنی سەردانی بۆ هەریەک لە ئەنقەرە و مۆسکۆ، ستافان دی میستورا، بگاتە جنێڤ و رۆژی هەینی بە فەرمی دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان رابگەیەنێت.
گەڕی پێنجەمی کۆبوونەوەکانی جنێڤ لەکاتێکدا بەرێوەدەچن کە رژێمی سووریا بەردەوامە لە پێشێلکاریی چڕی ئاگربەستی ئەو وڵاتە.
هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن جگە لە بەرگرییکردنی رەوا لە خۆیان، پابەندی ئاگربەستی سووریا کە لە رۆژی 30ی کانوونی یەکەمی 2016دا راگەیەنرا، بوون و ماوەی چەند رۆژێکە بەشێوەیەکی کاریگەری وەڵامی سوپای رژێم دەدەنەوە.