بهغدا
نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند: رێكخراوی تیرۆریستی داعش چەندین پێشێلكاری لە عێراق ئەنجامداوە، كە دەچێتە خانەی تاوانی جەنگ، كۆكوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمسیۆنی هاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق (یۆنامی) لە راپۆرتێكدا ئەو پێشێلكاریانەی خستەڕوو كە بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ئەنجامدراون.
لە راپۆرتەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە لە سێ مانگی كۆتایی 2014دا رێكخراوی تیرۆریستی داعش بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە عێراق تاوانێكی زۆری دژ بە مافەكانی مرۆڤ ئەنجامداوە، ئەو رێكخراوە تیرۆریستیە كوشتنی بە كۆمەڵی ئەنجامداوە، ژنی رفاندووە و بە كۆیلەی كردووە، سەودای بە ژن و منداڵەوە كردووە، هەرزەكاریشی وەك جەنگاوەر بەكارهێناوە، هەروەها پەرستگا و ناوەندە كلتوورییەكانی رووخاندووە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، تەواوی ئەو كردانە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤە كە بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجامدراون و تاوانی جەنگن. هەروەها باس لەوە دەكات كە نەتەوە و ئاینەكانی عێراق وەك كورد، مەسیحی، شیعە، توركمان و شەبەك، بەشێوەیەكی ئەنئەقست و بەرنامە بۆ داڕێژراو بوونەتە ئامانجی پەلامارەكانی داعش و ئەو گرووپە چەكدارانەی پەیوەندیان بەوەوە هەیە.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە كە بە بڕیاری بەناو دادگا شەرعییەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستیە 165 كەس كوژراون. هەروەها داعش، چەندین پێشێلكاری بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ ئەنجامداوە كە بە تاوانی جەنگ، كۆمەڵكوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەژمار دەكرێن.
لەلایەكی دیكەوە میلیشیا شیعیەكانی سەر بە حكوومەتی عێراق پێشێلكاریان بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ ئەنجامداوە بە رفاندنی هاووڵاتی مەدەنی و كوشتنی بە ئەنقەست.
هاوكات لە راپۆرتەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە سەلمێنراوە هەندێ لە میلیشیا چەكدارییەكان كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق كار دەكەن، لە چەند پارێزگایەكی عێراق بەتایبەتی دیالە و سەڵاحەددین پێشێلكاری هاوشێوەیان ئەنجامداوە.
لە راپۆرتەكەدا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە، كە ئامانجی رێكخراوی تیرۆریستی داعش رووخاندنی دەوڵەتی عێراق و كۆمەڵگاكەیەتی، دەشڵێت: "لە ئەنجامی شەڕ و پیكدادانەكان كە لە ئەنبارەوە پەلی هاوێشت بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق، لە 1ی حوزەیرانەوە تا 10 كانوونی یەكەمی 2014 حەوت هەزار و 801 هاووڵاتی مەدەنی كوژراون و 12 هەزار و 451 كەسی دیكەش برینداربوون".
لەلایەكی دیكەوە ژمارەی ئەو هاووڵاتیە مەدەنیانە نازانرێت كە بەهۆی نەبوونی خۆراك و پێداویستی پزیشكیەوە گیانیان لەدەستداوە.
لەو بارەیەوە نیكۆلای ملادینۆڤ، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق رایگەیاند: ئەم ژمارەی قوربانیانی هاووڵاتیانی مەدەنی نزمترین رێژەی قوربانیەكانە.
هاوكات ملادینۆڤ، داوای لە سەركردە عێراقییەكان كرد كاری بە پەلە بكەن بۆ بەرگرتن لەو پێشێلكاریانەی لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و میلیشیاكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق ئەنجام دەدرێن، بۆ ئەمەش بەپێویستی زانی بەرنامەیەكی سیاسی دیاری بكریت و كار بكرێت بۆ لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان.