Emre Gürkan Abay,Eşref Musa,Muhammet Ali Kemal
18 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2018
مۆسکۆ - AA
وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردەوە ئەو فڕۆکە سەربازییەیان کە دوێنێ لە سووریا لە سیستمی راداردا نەماوە، بە هۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە لە لایەن رژێمی بەشار ئەسەدەوە خراوەتە خوارەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەوانان لە مۆسکۆ ئاشکرایکرد ئەو فڕۆکە سەربازییەیان کە لە جۆری il-20 بووە، ١٥ سەربازی تێدابووە و دوێنێ لەسەر دەریای ناوەڕاست لە سیستمی راداردا نەماوە لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی S-200ی رژێمی سووریاوە، خراوەتە خوارەوە.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ جەختی لەوەکردووەتەوە فڕۆکە سەربازییەکەیان بە هۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا خراوەتە خوارەوە و رایگەیاندووە "بە هۆی کاری نابەرپرسیارانەوە، ١٥ سەربازی رووسی گیانیان لەدەستدا. ئەو دۆخە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ رۆحییەتی هاوبەشیی نێوان رووسیا-ئیسرائیل یەکناگرێتەوە".
تیشکی خستووەتە سەر ئەوەش فڕۆکە ئێف-١٦ەکانی ئیسرائیل فڕۆکە رووسییە il-20-ەکەیان وەک قەڵغان بەکارهێناوە و ئاماژەی بەوەکردووە نەتواندراوە کاتی پێویست بۆ دوورکەوتنەوەی فڕۆکە رووسییەکە لە ناوچەکە بە هۆی ئەوەی سووریا درەنگ سەبارەت بە هێرشەکە ئاگاداریکردووونەوە، دەستەبەربکرێت.
شەوی رابردوو، ئاژانسی سانای سەربە رژێمی سووریا، بڵاویکردەوە کە لە لایەن چەند لایەنێکی نەناسراوەوە هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر دامەزراوەی پەیمانگای تەکنیکی لازقییە و لەوەڵامیشدا سیستمی بەرگریی ئاسمانییان چەند مووشەکێکی تێکشکاندووە.