Dmitri Chirciu
04 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2022
مۆسکۆ - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاشكرایكرد، لە ٢٤ی شوباتەوە تا ئێستا، ٢٣٠ فڕۆکە و ٧٠٦ مووشەکهاوێژی سوپای ئۆكراینایان لەناوبردووە.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ لە روونکردنەوەیەکیدا لە مۆسکۆی پایتەختی وڵاتەکەی، زانیاری سەبارەت بە چالاکییهكانی سەربازانی سوپای رووسیا لە جەنگی نێوان وڵاتهكهی و ئۆکراینا دا، کە زیاتر لە چوار مانگە درێژەی هەیە.
کۆناشێنکۆڤ باسی لەوە کرد، سوپای ئۆکراینا لە هەمو روویەکەوە زیانی بەرچاوی بەرکەوتووە و لە شاری خارکیڤ بە مووشەکی هەستیار نزیکەی ٢٠٠ سەربازی ئۆکراینی و ١٩ ناوەندی کاتیی جێگیركردنی ئامێرو و یەکەی سەربازییان کردووەتە ئامانج.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماژهی بهوهشكرد، لە ناوچەی دۆنێتسک حەوت ناوەندی سەربە هێزەکانی ئۆکراینا، دوو کۆگای چەک و تەقەمەنی و مووشەکهاوێژی گراد لەناوبراون و، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری "Su-25" و هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ ئاشكرایشیكرد، دەستیان گرتووە بەسەر ١١ مووشەکهاوێژی "Uragan"ی سوپای ئۆکراینادا و، رایگەیاند: "تا ئەمڕۆ ٢٣٠ فڕۆکە، ١٣٤ هێلیکۆپتەر، هەزار و ٤٤٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٣٥٣ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی، سێ ھەزار و ٩٠٤ تانک و زریپۆش، ٧٠٦ مووشەکهاوێژ، سێ هەزار و ٨٤ تۆپهاوێژ و هاوەن، چوار هەزار و دوو ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازیی سوپای ئۆکراینا تێکشکێندراون".