Mazın Asad
19 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2018
واشنتۆن - AA
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین رایگەیاند: "پێموا نییە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی (لە باکووری سووریا) خزمەت بە سەقامگیری ناوچەیی و سەقامگیری سووریا و ھەروەھا نیگەرانییەکانی ئاسایشی سنووری تورکیا بکات".
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، بە رێگەی تەلەکۆنفڕانس کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و ھەڵسەنگاندنی لەبارەی پرسی سووریا کرد.
بەرپرسەکە لەبارەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین رایگەیاند: "پێموا نییە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی (لە باکووری سووریا) خزمەت بە سەقامگیری ناوچەیی و سەقامگیری سووریا و ھەروەھا نیگەرانییەکانی ئاسایشی سنووری تورکیا بکات. ئەم ھەنگاوانە رەنگە سەقامگیری تێک بدات".
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا کە لەبارەی نیگەرانییەکانی تورکیا لەمەڕ سنووری سووریا، لە نزیکەوە لەگەڵ ئەنقەرە کار دەکەن و راشیگەیاند باوەڕ ناکەن ھەنگاوێکی سەربازیی بۆ سەر عەفرین یاخود بۆ سەر ھێزەکانی سووریای دیموکرات، سوودی ھەبێت.
ئەو پرسە لەبارەی دامەزراندنی "ھێزی ئاسایشی سنوور" کە چەکدارانی پەیەدە/پەکەکە لەخۆ دەگرێت و لە ژێر چەتری ھێزەکانی سووریای دیموکراتە، رایگەیاند: "پێشتریش ھەروەک وەزیر رێکس تیلەرسن ئاماژەی پێکرد، ھێزی ئاسایشی سنوور دەستەواژەیەکی ھەڵە بوو. ئەوەی لەوێ دەکەین، مەشقپێکردنە بە چەکدارانی ئاسایشی ناوخۆ. ئەمە پێکھاتەیەکی ئاسایشی ناوخۆییە (لە سووریا) و گشت لایەنەکانی باکوور و باکووری رۆژھەڵات دەگەرێتەوە و ھەڕەشەیەکیش نییە بۆ سەر تورکیا".
ھاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەنجامدانی ھەر چالاکییەکیان لە باکوور و باکووری رۆژھەڵاتی سووریا ھەڕەشە بۆ سەر تورکیا و سنوورەکانی دروست ناکات و راشیگەیاند كه دووبارە رێکخستنەوەی ئەو ھێزانەی بە چەکی قورس بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە رەققە کرد بە مانای گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی دیکە نایەت.
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد کە شەڕی رەققە تەواو بووە و بۆیە تا رادەیەک پەیوەندیی سەربازییان لەگەڵ ھێزەکانی سووریای دیموکرات گۆڕاوە و لە ئێستاشدا ھەوڵی پێکھێنانی ھێزێکی ئاسایشی ناوخۆیی لە باکوور و باکووری رۆژھەڵاتی سووریا دەدەن.
روونیشی کردەوە لە تەواوی نیگەرانییەکانی تورکیا پەیوەندیدار بە پەکەکە تێدەگەن و راشیگەیاند باکووری سووریا پێویستی بە سەقامگیری ھەیە.