Aşkın Kıyağan
07 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2023
پراگ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی دوای ئەو سەردانەی بۆ بولگاریا ئەنجامیدا، بە سەردانێکی لەناکاو گەیشتە کۆماری چیک.
زێلێنسکی لەلایەن سەرکۆماری چیک، پیتر پاڤێل'ەوە بە رێورەسمێکی سەربازیی پێشوازی لێکرا. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوان دوو سەرکردەکە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش بەڕێوەچوو.
سەرکۆماری چیک، پاڤێل رایگەیاند کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە بەرپەچدانەوەکانی ئۆکراینا دژبە رووسیا دەکات.
پاڤێل تیشکی خستەسەر ئەوەی کە ئۆکراینا خەبات بۆ ئازادی و بەهاکانی جیهان دەکات، کۆماری چیکیش لە هەموو پلاتفۆرمێکدا پاڵپشتی لە ئیدارەی کیێڤ دەکات، گوتیشی: "نابێیت بیر لەوە بکرێتەوە رووسیا لەو جەنگەدا سەربکەوێت، چونکە ئەمە دەبێتە شکستێک بۆ بەها هاوبەشەکانمان".
سەرکۆماری چیک سەرسامیی خۆی نیشاندا بە بوێری گەلی ئۆکراینا و ئیرادە و بوێری زێلێنسکی کە هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ ئەوەی بە خێرایی وڵاتەکەی بچێتە ناو ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپاوە.
پاڤێل ئاماژەی بەوە دا کە پڕۆسەی ئەندامێتیی ئۆکراینا لە لووتکەی ناتۆ کە لە ڤیلنیۆس پایتەختی لیتوانیا بەڕێوەدەچێت باس ناکرێت و هیوای خواست لە کۆتایی ئەمساڵدا دانوستانەکانی پەیوەست بە ئەندامێتیی ئۆکراینا دەست پێ بکات.
لەبەرامبەردا سەرۆکی ئۆکراینا سوپاسی پاڤێل و ئیدارەی پراگ و گەلی چیکی کرد بۆ وەرگرتنی پەنابەرانی ئۆکراینی و ئەو پاڵپشتییە ماددی و مەعنەوییەی کە پێشکەشی وڵاتەکەی کراوە.
زێلێنسکی هەروەها هۆشداریدا سەبارەت بە زانیاریی ناڕاست و بانگەشەکانی رووسیا.