Dlshad Saifaalddin Ahmed
18 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2018
سلێمانی ـ AA
بە هۆی كاریگەری هەردوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست، ماوەی چەند رۆژێكە شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان-یش بڵاوی كردەوە كاریگەری ئەو شەپۆلە تا سبەی دووشەممە بەردەوام دەبێت.
بە گوێرەی راگەیەنراوی كەشناسی هەرێمی كوردستان، تەنها لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 131،8 ملـلیمەتر باران باریوە. بەوەش كۆی گشتی بووەتە 486،7 ملـلیمەتر. لەكاتێكدا ساڵی رابردوو تا ئەم كاتە 359،8 ملـلیمەتر بووە.
لە شاری سلێمانی بە هۆی بەردەوامی باران بارین و روودانی لافاو لە چەند ناوچەیەك، تیمەكانی فریاكەوتن خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگاكەش شۆفێرانی ئاگادار كردەوە لە روودانی لافاو و ئاستەنگی هاتوچۆ لە بەشێك لە شەقامەكانی شارەكەدا، داواش لە شۆفێران دەكات رەچاوی رێنماییەکانی هاتوچۆ بكەن و خێراییەكانیان كەم بكەنەوە تا لە رووداوی هاتوچۆ دووربن.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا دانیشتووانی شارەكەی ئاگادار كردەوە لە وەستانی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لە سلێمانی و قەزا و ناحیەكانی دەورووبەری، ئەوەش بە هۆی لێڵبوونی سەرچاوەی ئاوی دوكانەوە.
لە ناوچەی گەرمیانیش، باران بارین بەردەوامە و لە چەند ناوچەیەك لافاو روویداوە، بەو هۆیەوە ئیدارەی شارەكە ئەمڕۆ یەكشەممەی وەك پشووی فەرمی راگەیاند و تیمەكانی فریاكەوتنی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.