jamal sargaty
12 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2016
بەڕێوەبەری كارگەكە، زرێبار موختار هەورامی تەمەن 23 ساڵ كە پێشتر وەك كچە رۆژنامەنووسێك لە یەكێك لە میدیاكانی كوردستان كاری كردووە لە بارەی بیرۆكەی دروستكردنی ئەو كارگەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بیرۆكەی ئەم كارەم لەوەوە سەرچاوەی گرت كە لە كوردستان تاوەكو ئێستا هیچ كارگەیەكی هاوشێوەی ئەمە نییە، بۆیە بەپێویستم زانی ئەم كارگەیە بكەمەوە".
هەورامی گوتی: "باوكم پێشتر كاری دورینی جلوبەرگی سەربازی دەکرد، منیش پێم خۆش بوو بەهاوكاری ماڵەوە ئەو كارگەیە بكەمەوە و درێژەپێدەری كارەكەی باوكم بم كە كارگەیەكی لەو شێوەیە دروست بكەم".
خاوەنی كارگەكە ئەوەشی گوت: "ئەم كارگەیە دەتوانێت هەلی كاركردن بداتە خەڵكانێك كە شارەزای بوارەكەن و بێکارن، دەتوانین لێرەوە هەلی كاری زیاتر رابگەیەنین و خەڵكانێكی زۆر بخەینە سەر كار كە ئێستا هەلی كاری بۆ ژمارەیەك هاووڵاتی رەخساندووە، كارم لەسەر ئەوەیش كردووە لە شارەكانی دیکەی هەرێمی كوردستان كارگەی لەم جۆرە بكەمەوە ".
زرێبار بە خۆشحاڵیەوە باسی لەوە كرد کە وەك كچێك توانیویەتی كارگەیەكی لەو شێوەیە بكاتەوە، ئەوەیشی گوت: "لەم كارگەیەدا جلوبەرگی سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش دروست دەكرێت كە بۆ یەكەم جارە لە هەرێمی كوردستان لەسەر جلوبەرگێك بنووسرێت لە ھەرێمی كوردستان بەرهەم هاتووە".
ئەو کوتاڵەی كە جلوبەرگی سەربازی پێدروست دەكرێت لە كارگەكەدا لە وڵاتانی دراوسێوە دەهێنرێت لەم كارگەیە دەكرێتە جلوبەرگی سەربازی، خاوەنەكەشی دەڵێت: "لەمەو دوا پێویست ناكات حكوومەت یاخود سەرمایەدارێك لە دەرەوەی وڵات جلوبەرگی سەربازی بهێنێتە هەرێمی كوردستان و دەتوانێت لەم كارگەیەوە ئەو جلوبەرگانە دابین بكرێت".
لەبارەی هاوكاری حكوومەت و كەرتی تایبەت بۆ ئەو جۆرە پڕۆژانە، زرێبار گوتی: "تا ئێستا هیچ كەس و لایەنێك هاوكاری ئێمەی نەكردووە، داواشمان لە هیچ كەس نەكردووە هاوكاریمان بكات، تەنها خۆمان و بنەماڵەكەم بووین ئەم كارگەیەمان دروستكردووە".
بە گوتەی خاوەنەكەی لە دوای كردنەوەی كارگەكەوە كە پێش چەند رۆژێك كرایەوە تائێستا چەند گرێبەستێكیان كردووە بۆ فرۆشتنی جلوبەرگی سەربازی و پێشمەرگە بە چەند كۆمپانیایەك لە شاری هەولێر، جگە لەوەیش ژمارەیەك پێشمەرگە سەردانیان كردوون و جلوبەرگەكانیان بە نرخێكی تایبەت بۆ دەدورن".