Mazın Asad
21 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2016
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و ھەماھەنگسازی دۆخی خێرا، ستیڤن ئۆبرین رایگەیاند ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژێر گەرۆمادان لە سووریا، لە ٣٩٣ ھەزار کەسەوە بۆ ٩٧٤ ھەزار کەس بەرز بووەتەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێ رەوشی مرۆیی سووریای کرد.
ئۆبرین لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە دا کە تەواوی سووریا و بە تایبەتیش رۆژھەڵاتی حەلەب بەرەو نەمان دەچێت و گوتیشی: "ئەنجامنەدانی کردارێک لە پێناو رێگریکردن لەم تراژێدیایە، مایەی شەرمەزارییە بۆ ھەموومان".
ئۆبرین روونیشی کردەوە کە لە سێشەممەی رابردووەوە بێ وەستان، ھێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر رۆژھەڵاتی حەلەب درێژەی ھەیە و بەو ھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتی لە ژێر بینا داڕماوەکان ماون و راشیگەیاند ھەر بەھۆی دوا ھێرشەکانەوە، توانای نەخۆشخانەکانی ناوچەکە بۆ وەرگرتنی برینداران نەماوە.
جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە درێژەدا باسی ئەوەشی کرد کە گرووپە چەکدارەکانیش لە رۆژئاوای حەلەب بێ رەوچاوکردنی بوونی خەڵکی سڤیل، ھێرش ئەنجام دەدەن کە بەھۆیەوە ٦٠ ھاووڵاتی کوژراوە و ٢٥ ھەزار کەسیش ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێ بھێڵن و جەختی لەوەش کردەوە کە ھاووڵاتیانی سڤیل باجی شەڕوپێکدادانەکان دەدەنەوە.
ئۆبرین ئەوەشی خستەڕوو کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژێر گەرۆمادان لە سووریا، لە ٣٩٣ ھەزار کەسەوە بۆ ٩٧٤ ھەزار کەس بەرز بووەتەوە.
-ئەمریکا ناوی لیستی تاوانبارانی جەنگی لە سووریا بڵاو کردەوە
نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سامانسا پاوەر لە گوتەیەکیدا لە کۆبوونەوەکە رایگەیاند ھێرشی رژێمی ئەسەد و رووسیا بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی ھاووڵاتیان درێژەی ھەیە.
پاوەر ئاماژەی بەوە دا کە ئەوانەی تاوانی جەنگیان لە سووریا ئەنجام داوە، بێگومان باجەکەی دەدەنەوە و راشیگەیاند ئەو تاوانبارانەی وا ھەست دەکەن باجەکەی نادانەوە، درەنگ یان زوو دەچنە بەردەم دادگاوە.
پاوەر ناوی ھەندێک لە بەرپرسانی باڵای سەربازیی و کاربەدەستانی پۆلیسی رژێمی ئەسەد بڵاو کردەوە کە تاوانیان بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل ئەنجام داوە و ناوەکانی بەم شێوەیە دا "عەدنان عەبود حیلوە، جەودەت سەلبی مەواس، سوھەیل حەسەن، تاھیر حەمید خەلیل، سەڵاح حەمەد، شەعافیق مەسا، رەفیق شیھەدا، حافز مەخڵوق، ئەدیب سەلامە، جەمیل حەسەن، عەبدولسەلام فەجر مەحمود، ئیبراھیم موللا، قوسەی میحەود".
لە لایەکی دیکەوە نوێنەری ھەمیشەیی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ماتی ریکرۆفت لە گوتەکیدا بانگەوازی بۆ رژێمی ئەسەد و رووسیا کرد کە کۆتایی بە تاوانی جەنگ بھێنن.