بەرلین
پاش ئەوەی بەشێوەیەكی فەرمی پیپ گواردیۆلای راهێنەری بایرن میونشن بڕیاریدا لەكۆتایی ئەم وەرزەدا دەست لەپۆستی راهێنەرایەتی یانەكە هەڵگرێت.
سەرۆكی یانەی بایرەن میونخ كارل هاینز رۆمەنیگە رایگەیاند كە بۆ ماوەی سێ ساڵ گرێبەستیان لەگەڵ راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدرید كارلۆ ئەنچیلۆتی واژۆ كردووە.
كارلۆ ئەنچیلۆتی لە حوزەیرانی ٢٠١٦ دا بەفەرمی دەست بە كارەكانی دەكات.
لە ئێستاشدا یەكلایی نەبووەتەوە كە ئایا پیپ گواردیۆلای ئیسپانی روودەكاتە كام یانە.
بەگوێرەی میدیاكان یانەكانی مانچستەر سیتی، ئەرسناڵ، چێلسی و مانچستەر یونایتد لە هەوڵی ئەوە دان كە ئەو راهێنەرە پڕ دەستكەوتە رازی بكەن تا ئەركی راهێنەرایەتی یانەكەیان بگرێتە ئەستۆ لە ساڵی داهاتوودا.
گواردیۆلای تەمەن ٤٤ ساڵ لە یەكەم وەرزیدا لەگەڵ یانەی بایرەن میونخ نازناوی خول و جامی ئەڵمانیای بەدەست هێنا.
بۆ ئەمساڵیش یانەی بایرەن میونخ لە ئێستادا لە قۆناغی ١٦ چامپیۆنز لیگە و لە خولەكانی بۆندس لیگا و جامی ئەڵمانیاش لە پێشەنگ دایە.