Zana Natık Kerem
31 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 31 مای,س 2018
بەغدا ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ھەوڵەکانی بۆ راگرتنی ئەو تاوانانەی کە ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات بخاتەگەڕ.
لە بەیاننامەیەکدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد مەحجوب رایگەیاندووە "گەلی فەڵەستین لە لایەن ئیسرائیلەوە رووبەڕووی ھێرشی وەحشیگەری بووەتەوە کە بە ھۆی ئەو ھێرشانەوە، دەیان ھاووڵاتی فەڵەستینی بوونەتە قوربانی ".
ئەحمەد مەحجوب ئاماژەی بەوەشداوە کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە توندی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ئیدانە دەکات، ھەروەھا داوا لە وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەوڵەکانیان بۆ راگرتنی ئەو ھێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بخەنەگەڕ نەوەک تەنھا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و کۆبوونەوە.
پێشتریش گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەڤیخای ئێدرئی رایگەیاند لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە دەستیان بە ھێرشکردووە بۆ سەر کەرتی غەززە و تا دوێنێ چوارشەممە بەردەوام بووە و لە میانیدا دەیان پێگە بۆردومانکراوە.
ھەروەھا ھەردوو بزووتنەوەی جیھادی ئیسلامی و حەماس رایانگەیاند کە لە بەرامبەر تاوانەکانی ئیسرائیل دەرهەق بە فەڵەستینییەکان، ژمارەیەک پێگە و شارۆچکەی ئیسرائیل-یان بۆردومانکردووە.
ئەم پێشھاتانە دوای ئەوە دێت کە یەکشەممە و دووشەممەی رابردوو، بە ھۆی بۆردومانکردنی خاڵێکی فەڵەستینی لە لایەن ئیسرائیلەوە، چوار فەڵەستینی کوژران و یەکێکی دیکەش بریندار بوو کە سەر بە ھەردوو بزووتنەوەی حەماس و جیھادی ئیسلامی بوون.