Zana Natık Kerem
22 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2024
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسانی ئەمنی عێراق و ئەمریکا لە واشنتۆن، گفتوگۆی ھاوبەشی ئەمنی ئەنجام دەدەن کە لە میانیدا داھاتووی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، تاوتوێ دەکەن.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا ڕۆمانۆسکی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە: "ئەمڕۆ بەرپرسانی ئەمنی ئەمریکا و عێراق لە واشنتۆن کۆدەبنەوە و لە میانیدا گفتوگۆی ھاوبەشی ئەمنی لەنێوان ئەمریکا و عێراق، ئەنجام دەدەن".
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسانی ئەمنی ئەمریکا و عێراق لەبارەی داھاتووی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق و بەھێزکردنی ھاوکاریی ئەمنیی نێوان ھەردوو وڵات گفتوگۆ دەکەن".
لە ماوەکانی ڕابردوودا، دوای ئەوەی لە ئاکامی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانی ھێزەکانی ئەمریکا بۆسەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە چەند ناوچەیەکی عێراق، ژمارەیەک چەکدار کوژران و برینداربوون، حکوومەتی عێراق بڕیاری دا، کۆتایی بھێنێت بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق.
لەمانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەنێوان لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریکا تایبەت بە کۆتایی ھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، ئەنجامدراون.