Zana Natık Kerem
22 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2023
ھەولێر – AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند کە گەیشتنی ئێران و ئەمریکا بە لێکتێگەیشتن بۆ عێراق گرنگە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ فوئاد حوسێن کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکەیش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشییان ئەنجام دا.
وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان ژمارەیەک پرسی گرنگی تایبەت بەھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کردووە و گوتی: "رەوشی ئەمنی و سنوورەکان بەشێک بوو لە گفتوگۆکانمان".
گوتیشی: "حکوومەتی عێراق زنجیرەیەک رێوشوێنی بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ ئێراندا گرتووەتەبەر".
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەیشدا کە دەستووری عێراق ریگا نادات، خاکی عێراق بۆ ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار بھێندرێت و گوتی: "باسمان لە پێدانی شایستەکانی ئێران پەیوەست بە کڕینی غاز کردووە، بە تایبەتی کە پێدانی شایستەکانی ئێران، بەشێک بوو لە گفتوگۆنمان لە واشنتۆن".
باسی لەوەش کردووە کە عێراق و ئێران لێتێگەیشتنیان ھەیە لەبارەی دۆسیەی بەستنەوەی ھەردوو وڵات بە ھێڵی شەمەندەفەر و راشیگەیاند کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک پرسی ھەرێمیی و نێودەڵەتیی، ھەروەھا ئەنجامی سەردانەکەی حەوتی ئەم مانگەی شاندی عێراق بۆ واشنتۆن کە بەشێکی پەیوەیستبوو بە ئێران تاوتوێ کراوە و گوتی: "گەیشتنی ئێران و ئەمریکا بە لێکتێگەیشتن بۆ عێراق گرنگە".
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان رایگەیاند کە ئێران پاڵپشتی لە عێراقێکی یەکگرتوو، سەربەخۆ و بەھێز دەکات و گوتی: "ھەروەھا ئێران پاڵپشتی لە بڕیاری عێراقییەکان دەکات لەبارەی چارە خۆنووسین".
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان باسی لەوەش کرد کە ھێزی عێراق و پێشکەوتنەکەی، بەشێکە لە ھێز و ئاسایشی ئێران و گوتی: "لەچوارچێوەی لیژنەی ھاوبەشی نێوان عێراق و ئێران، گفتوگۆی گرنگ ئەنجامدراوە".
گوتیشی: "لە رووبەڕبوونەوەی تیرۆردا، پاڵپشتی لە ئاسایش و سەروەریی عێراق دەکەین".
وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاندووە کە حکوومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی کە خاکی عێراق نەبێت بە سەرچاوەی ھەڕەشەکردن لە وڵاتانی درواسێ و گوتی: "لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق".
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان سوپاسی ھەوڵەکانی بەغدای کرد بۆ پتەوترکردنی گفتوگۆکانی نێوان تاران و ریاز.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان بەسەردانێک گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق.