Mücahit Oktay
26 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2023
نیویۆرك-AA
بەهۆی گەردەلوول و ڕەشەبای بەهێزەوە کە ویلایەتی میسیسیپی ئەمریکای گرتووه‌تەوە، ٢٣ کەس گیانیان لەدەستدا.
لە راگه‌یه‌ندراوێكدا کە له‌لایه‌ن دەزگای بەڕێوەبردنی دۆخی له‌ناكاو له میسیسیپی بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژە بەوە کراوە لانیکەم ٢٣ کەس کە باوک و کچێکیش له‌نێویاندایه، بەهۆی گەردەلوول و زریانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە په‌یامێكیشدا کە لە هەژماری تویتەری ده‌زگاكه‌دا بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئه‌و كه‌سانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه پشتڕاستکراوه‌ته‌وه و ئاماژە بەوە کراوە "دەیان کەس برینداربوون و چوار کەسیش بێسەروشوێنن"، تیشك خراوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ش كه "بەداخەوە پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارانە هه‌ڵبكشێن".
لای خۆیه‌وه فه‌رمانڕه‌وای میسیسیپی، ته‌یت ریڤز، لە په‌یامێكدا كه له تویتەر بڵاویکردەوە، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد پشتگیری پزیشکییان چالاک کردووە بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی گەردەلوول و زریانهوە زیانیان بەرکەوتووە و ژماره‌ی ئەمبوڵانس و ئۆتۆمبێلی فریاگوزارییان زیادکردووە، جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه كه چالاکییەکانی گەڕان و رزگارکردن چالاکانە به‌ڕێوه‌ده‌برێن.
به‌ر له کارەساتەکە، فه‌رمانگه‌ی کەشوهەوای نیشتمانیی ئه‌مریكا، هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە له‌باره‌ی "زریانێک کە بەرەو ناوچەی رۆڵینگ فۆرک له پێشڕه‌وییدایه" له ویلایەتەکە و رایگەیاندبوو "بۆ پاراستنی ژیانتان، ده‌ستبه‌جێ خۆتان حه‌شار بده‌ن".