Ekip
11 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2024
ئیستانبوڵ ــ AA
لووتکەی جیھانی ئاووھەوا (COP29) لە باکو پایتەختی ئازەربایجان، دەستی پێ کرد.
ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیھان و نوێنەرانی ڕیکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەشداری لە لووتکەی جیھانی ئاووھەوا (COP29) لە باکو دەکەن.
ھاوکات وەزیری پیشەسازیی و تەکنەلۆژیای ئیمارات، سوڵتان جابر لە میانی دەست پێکردنی لووتکەکەدا، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە پاڵپشتی لە ڕێککەوتنەکەی ئیمارات تایبەت بە ئاووھەواوە بکەن.
سوڵتان جابر لەبارەی "پەیماننەی کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن لە کەرتی نەوت و غاز"دا، گوتی: "ئەم دەستپێشخەرییە گشتگیرترین دەستپێشخەرییە بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت سەبارەت بە کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن و تا ئێستا ٥٥ کۆمپانیا کە بەڕێژەی ٤٤ لەسەدا نەوت لە جیھان بەرھەمدەھێنن، پابەندن بە کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن".
لە لووتکەی گۆڕانی ئاووھەوا (COP٢٨) کە ساڵی ٢٠٢٣ لە شاری ئێکسپۆ لە دوبەی بەڕێوەچوو، ڕێککەوتنێک لەبارەی ئاووھەواوە پەسەند کرا.
لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی رێککەوتنەکەی ئیمارات، ئاماژە بەوە کراوە کە تا ساڵی ٢٠٣٠، توانای بەرھەمھێنانی سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە لە جیھاندا زیاد دەکرێت، هەروەها سنوورێک بۆ بڕینەوەی دارستانەکان دادەندرێت.
وەزیری پیشەسازیی و تەکنەلۆژیای ئیمارات ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە سوود لە نوێترین تەکنەلۆژیاکان وەربگیرێت، لەوانە زیرەکی دەستکرد، ئەوەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن و گەشەپێدانی مرۆیی، ھەوروھا پەرەپێدان بە ئابووریی سەوز.
لە میانی لووتکەی جیھانی ئاووھەوا (COP29) دا کە تا ٢٢ی ئەم مانگە لە باکو بەردەوام دەبێت، پرسەکانی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی ئاووھەوا تاوتوێ دەکرێن.