Sangar Hamad Azeez
22 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2016
دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی ناوچەی غۆتەی رۆژئاوا سەربە پارێزگای دیمەشق، لەلایەن رژێمی ئەسەد کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستدا، وێنەی نوێی کارەساتەکە بڵاوبوویەوە.
لە شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ی ئابی ٢٠١٣دا رژێمی ئەسەد بەچەکی کیمیاوی پەلاماری ناوچەی غۆتەی رۆژئاوای سەربە پارێزگای دیمەشقی دا.
بەهۆی کارەساتەکە هەزار و ٤٠٠ هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ بوون.
ئاژانسی ئانادۆڵو دەست بەجێ دوای کارەساتە کە گەیشتە ناوچەکە و رووماڵی وردی رووداوەکەی کرد.
لەم چوارچێوەیەشدا وێنەی ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەت و منداڵ گیراوە کە بە چەکی کیمیاوی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها دیمەنی ئەو پزیشکانەش تۆمارکراون کە هەوڵی رزگارکردنی گیانی هاووڵاتییانیان دەدا.
لە وێنەکان هەروەها دەردەکەوێت کەوا دوای پەلامارەکە گۆڕ بۆ قوربانیانی رووداوەکە هەڵدەکەنرێت و تەرمەکان بەخاک دەسپێردرێن.
دوای ئەم رووداوەش رووسیا و ئەمریکا بڕیاریان دا لە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە لایەن رژێمەکەی ئەسەد بووەستنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش کۆگاکانی چەکی کیمیاوی سووریایان لەناو برد.
لەگەڵ ئەوەیشدا رێکخراوی نێودەوڵەتی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی ئەوەی ئاشکرای کرد کە رژێمی ئەسەد چەندین کۆگای چەکی کیمیاوی نهێنی هەیە لە دەرەوەی شارەکاندا کە نەدۆزراونەتەوە.