Mustafa Deveci
05 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2022
خارکێڤ - AA
لە شاری خارکیڤ رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کە یەکێکە لەو ناوچانەی وڵاتەکە کە زۆرترین کاریگەری جەنگی رووسیا-ئۆکراینای لەسەرە، ژیانی ئاسایی ئەگەر وەک جارانیش نەبێت، بەڵام بەردەوامە.
خارکێڤ بەرلە جەنگ نزیکەی دوو ملیۆن کەس تیایدا نیشتەجێ بوو و لە دوای کیێڤ-ی پایتەخت دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکەبوو، نزیکەی ٤٥ کیلۆمەتر لە سنووری رووسیاوە دوورە.
شاری خارکێڤ و دەوروبەری لە ٢٤ی شوباتەوە کە جەنگەکە دەستی پێ کردووە، بووەتە چڕترین گۆڕەپانی پێکدادانەکان.
لە کاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکانی نزیک سنوور چڕبووەتەوە، ماوەی چەند رۆژێکە خارکێڤ هەموو شەوێک دەبێتە ئامانجی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا.
ژمارەیەکی زۆر لە بیناکانی سەنتەری شارەکە بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە زیانیان بەرکەوتووە، بە بەراورد بە شارەکانی دیکە، جەنگ لە خارکێڤ زیاتر هەستی پێ دەکرێت.
ژیانی ئاسایی رۆژانە لە شاری خارکێڤ ئەگەر وەک پێش جەنگیش نەبێت، بەڵام هێشتا بەردەوامە، هەرچەندە نیوەی دانیشتوانی شارەکە بەهۆی جەنگەوە دەربەدەربوون، بەڵام نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە شارەکەدا ماون و ژیان بەسەر دەبەن.
بازاڕەکانی گەڕەکەکان کە پێداویستی خەڵکەکە دابین دەکەن کراوەن و بەشێک لە پاسە کارەباییەکان کە بۆ گواستنەوەی گشتیی بەکار دەهێندرێن کار دەکەن، جموجۆڵی هاووڵاتییان لە سەنتەری شارەکە هەرچەندە کەمیش بێت بەردەوامە و ژیان کەمێک ئاسایی بووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەک لە فرۆشگاکانی شارەکە بەهۆی جەنگەوە داخراون، بەڵام زۆربەیان کراوەن و خزمەت بە هاووڵاتییان دەکەن.
یەکێ لە فرۆشگاکانی شارەکە کە کراوەیە، فرۆشگای دوو برایە بە ناوەکانی ئەرچین و سەلچوک ئۆزچەلیک کە پێش پێنج ساڵ لەمەوبەر لە تورکیاوە چوونەتە شارەکە و نیشتەجێبوون.
ئەو دوو برایە کە سەرەتا بەهۆی جەنگەوە ناچاربوون کافتریاکەیان دابخەن، بەڵام دوای پێنج مانگ گەڕاونەتەوە شارەکە و سەرلەنوێ کردوویانەتەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەرچین ئۆزچەلیک ئاماژەی بەوە کرد کە بەرلە ٢٤ی شوبات لە ئۆکراینا چاوەڕوانی هەڵگیرسانی جەنگ نەبوون و گوتی: ''کاتێک جەنگ دەستی پێ کرد هەموو شتێک لە پڕێکدا پێچەوانە بووەوە. لەو کاتەدا من لێرە نەبووم کە جەنگەکە هەڵگیرسا. براکەشم ٤-٥ رۆژ دوای دەستپێکردنی جەنگەکە گەڕایەوە بۆ تورکیا''.
ئەرچین ئۆزچەلیک باسی لەوە کرد کە بەهۆی هێرشێکەوە کە کراوەتە سەر بیناکەی بەرامبەریان، دوکانەکەیان زیانی بەرکەوتووە، بەڵام دوای نۆژەنکردنەوەی بەشە زیانلێکەوتووەکانی دوکانەکەیان، دووبارە دەستیان بە کار کردووەتەوە و گوتی: "چەند مانگێک لە تورکیا ماینەوە و بیرمان لەوە کردەووە کە چی بکەین. دەسەڵات نییە لە کۆتاییدا کاری ئێمە لێرەیە و ژیانیش بەردەوامە. ناوی خوامان لێهێنا و هاتینەوە بۆ ئێرە، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد کە رووبەڕوومان بووەوە. نزیکەی هەموو رۆژێک بۆردومان و شەڕە. لە کۆتاییدا دێین بۆ دوکانەکەمان و نازانین لە هەر کاتێکدا چیمان بەسەردێت، بەڵام کار نیوەی ژیانی مرۆڤە. دێینەئێرە و دوکانەکەمان دەکەینەوە و کە ئێوارە دێت، دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە. شەوان نزیکی کاتژمێر ١١ زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدرێت و چاوەڕوانی دەکەین تا بۆردومانەکان کۆتاییان بێت و بخەوین. هەندێک شەویش لە دەنگی تەقینەوە بەئاگا دێینەوە. هەندێک جار بۆمبەکان لە شوێنێکی نزیکمان دەکەونەخوارەوە".
ئەرچین ئۆزچەلیک باسی لەوەش کرد کە لە ماوەی رابردوودا، ژمارەیەکی زۆر بۆمب لە شاری خارکێڤ کەوتوونەتەخوار و ئەگەر بۆردومانەکانیش بەردەوامبن ئەوا هەر دوکانەکانیان بەکراوەیی دەهێڵنەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە بەهۆی جەنگەوە کەسانێکی زۆر شاری خارکێڤ-یان جێهێشتووە و دانیشتوانی شارەکە کەمیان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە وەک پێشوو بازاڕیان نەبێت، هیواشی خواست بەزووترین کات ئەم جەنگە کۆتایی بێت.
- شوێنەواری قوڵی جەنگ لە گەڕەکی سالتیڤکا دەبینرێت
لە هەفتەکانی سەرەتای جەنگدا، هێزەکانی رووسیا گەڕەکی سالتیڤکایان لە شاری خارکێڤ، کردە ئامانج و تا ئێستاش شوێنەواری قوڵی جەنگ لەو گەڕەکەدا دەبینرێت.
زۆرێک لە باڵەخانەکان بەهۆی هێرشەکانەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە و وێرانکارییەکانی جەنگ بەئاشکرا لەم گەڕەکەدا دەبینرێت.
بەهۆی هێرشەکان و کۆچکردنی دانیشتوانەکانیانەوە زۆرینەی خانووەکانی سالتیڤکا، چۆڵ کراون و تەنها چەند کەسێکی کەم کە زۆرینەیان بەساڵاچوون لە گەڕەکەکەدا ماونەتەووە.
خۆبەخشانی ئۆکراینا، رۆژانە ژەمی گەرم پێشکەشی ئەو کەسانە دەکەن کە لەم گەڕەکەدا ماونەتەوە.