İslam Doğru,Muhammet Ali Kemal
01 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2018
نیویۆرک - AA
لە ئەمریکا رێژەی ئەو دەنگدەرانەی لە سەرۆکی وڵاتەکەیان، دۆناڵد ترەمپ رازی نین، گەیشتووەتە لەسەدا ٦٠.
لە راپرسییەکدا کە لە لایەن رۆژنامەی واشنتۆن پۆست و کەناڵی ئەی بی سی نیوزەوە ئەنجامدراوە، ئەوە دەرکەوتووە کە زیاتر لە نیوەی دەنگدەرانی ئەمریکا دژی دۆناڵد ترەمپ-ن.
لە راپرسییەکەدا پرسیاری ئەوە لە بەشداربووان کراوە کە "ئایا ئەو ئەرکانەتان پێخۆشە کە ترەمپ وەک سەرۆک ئەنجامیان دەدات؟" لە وەڵامدا لەسەدا ٦٠ بەشداربووان بە "نەخێر" و لەسەدا ٣٦یان بە "بەڵێ" وەڵامیان داوەتەوە.
راپرسییەکە لەنێوان رۆژانی ٢٦ بۆ ٢٩ی ئاب و لەدوای ئەو هەفتەیە ئەنجامدراوە کە بەڕێوەبەری پێشووی هەڵمەتی بانگەشەی ترەمپ، پاوڵ مانافۆرت بە تۆمەتی ساختەکردنی دۆکیومێنتی باج و بانک دادگایی دەکرێت و پارێزەری پێشووی ترەمپ، مایکڵ کۆهێن، دانی بەوەدا نا کە بەشێوەیەکی نایاسایی و بەمەبەستی بێدەنگکردنیان پارەی داوەتە ئەو ژنانەی دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیی سێکسیی لەگەڵدا ئەنجامداون.
ئەمە لە کاتێکدا رێژەی ئەوانەی کە پێیان وایە "ئەگەر بێت و ترەمپ کۆهێنی ئاراستەکردبێت بۆ دانی پارە، ئەوا تاوانی ئەنجامداوە" لەسەدا ٦١ە و ئەوانەش کە باوەڕیان وایە "تاوانی ئەنجامنەداوە" لەسەدا ٣١ە.
هاوکات لەسەدا ٤٩ی بەشداربووانی راپرسییەکە بە پێویستی دەزانن کۆنگرێسی وڵاتەکەیان دەست بەو پرۆسەیە بکات کە رێگە دەدات ترەمپ دادگاییبکرێت و لە کارەکەی دووربخرێتەوە و لەبەرامبەردا لەسەدا ٤٦یان دژی دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیەن لە لایەن کۆنگرێسەوە.