Mazın Asad
27 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2017
پاریس - AA
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند: "یەکێتی ئەورووپا زۆر لاواز، زۆر ھێواش و زۆر بێ کاریگەرە".
ماکرۆن لە گوتارێکی لە زانکۆی سۆربون لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە یەکێتی ئەورووپا سەرلەنوێ بە پشتیوانی گەلەکان یەکێتی و دیموکراتی رێک بخرێت و گوتیشی: "یەکێتی ئەورووپا زۆر لاواز، زۆر ھێواش و زۆر بێ کاریگەرە".
سەرکۆماری فەڕەنسا بانگەوازی بۆ سەرکردەکانی یەکێتی ئەورووپا کرد کە لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩ی پەرلەمانی ئەورووپا لیستێک دیاری بکەن و نیوەی پەرلەمانتارەکانیش بەگوێرەی ئەو لیستە ھەڵبژێردرێت.
راشیگەیاند لە ھەر پێنج گەنجێکی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا یەکێکیان بێکارە و لەوبارەیەوە بە پێویستی زانی رێژەی بێکاری لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا کەم بێتەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن جەختی لەسەر نەبوونی کولتوورێکی ستراتێژی ھاوبەش لە پرسی ئەمنی لە نێو یەکێتی ئەورووپا کردەوە و رایگەیاند پێویست بە پلان و بودجەی ھاوبەش لەبارەی ئەمنییەوە ھەبێت.
لەبارەی قەیرانی پەنابەرانەوە، ماکرۆن رایگەیاند پێویستە نووسینگەی پەنابەران لە ئەورووپا دابمەزرێت بۆ ئەوەی بەپەلە کاروباری پەنابەران بەڕێوە بچێت.
سەرکۆماری فەڕەنسا روونیشی کردەوە کە کێشەی پەنابەران یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی یەکێتی ئەورووپا و گوتیشی: "یان سنوورەکانمان دادەخەین، یاخود شوێنێکی ھاوبەش بۆ پەنابەران و کۆچبەران بونیات دەنێین".
ماکرۆن راشیگەیاند فەڕەنسا بۆ باشتر پێشوازیکردن لە پەنابەران، دەستی بە چاکسازی کردووە و بە پێویستیشی زانی یەکێتی ئەورووپاش بە ھەمان شێوە ھەنگاو بنێت.
سەرکۆماری فەڕەنسا جەختی لەوەش کردەوە کە ھەر قوتابیەکی ئەورووپا تاوەکو ساڵی ٢٠٢٤ پێویستە بە لایەکی کەم دوو زمان بزانێت.