دهۆک - AA
فەرماندە و بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى فیرقەى ١٦ى سوپاى عێراق، عەمید قاسم محەمەد: "لە دوایین پێشڕەوییەکانى هێزە عێراقییەکان لە کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ، زیاتر لە ٩٠ لە سەدى بەرەى چەپى شارى مووسڵ لە چنگ داعش رزگار کراوە و لە رۆژی رابردووە نزیکەى ١٢٠ چەکدارى داعش کوژراون و دەیان لاشەیان لە کوچە و کوڵانەکانى شارى مووسڵ بەجێماون".
فەرماندە و بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى فیرقەى ١٦ى سوپاى عێراق، عەمید قاسم محەمەد: "هێزە عێراقییەکان لە راوەدوونان و راماڵینى تیرۆریستانى داعش بەردەوامن و رۆژ لە دواى رۆژ سەرکەوتنى گەورە و بێ وێنە بەسەر تیرۆریستانى داعشدا تۆمار دەکەن، رۆژانە ناوچەى گرنگ و ستراتیجى لە مووسڵ لە چنگ تیرۆریستانى داعش دەردەهێنین، ئەمەیش بووەتە هۆى ئەوەی ورەى داعش بەشێوەیەکى بەرچاو بڕووخێت و پاشەکشە بکەن بەرەو بەرەى راستى مووسڵ و ناوچەکانى دوور لە جەنگ هەڵبێن و، بۆ حاڵەتى پێویستیش لە پەیوەندى بەردەوامداین لەگەڵ پێشمەرگە".
عەمید قاسم محەمەد بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتی: "هێزە عێراقییەکان داعشیان تووشى شکستێکى گەورە کردووە و لە دوێنێوە تا ئێستا چەندین گەڕەکى گەورەى وەک ناوچەی زانکۆ هەروەها گەڕەکەکانى فەیسەلییە، حەدبا، سەدرییە، ئەفسەران، نەبى یونس، بیناى نوێى پارێزگاى نەینەوا، قایمقامیەتى قەزاى مووسڵ و چەندین ناوچەى دیکەى گرنگمان لە تیرۆریستانى داعش پاککردووەتەوە و سەدان چەکدارى داعش کوژراون و زیاتر لە ٧٠ لاشەیان کەوتووە دەست هێزە عێراقییەکان".
فەرماندە و بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى فیرقەى ١٦ى سوپاى عێراق گوتیشی: "لە ئێستادا پلانێکى توکمەمان داڕشتووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى بەرەى چەپى مووسڵ کە تەنها گەڕەکەکانى رەشیدییە، عەرەبیە، ئەندازیاران، پۆلیس، زراعى، بیسان و تلکێف ماوە لە داعش پاکبکرێنەوە، دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى ئەو ناوچانە سەرکەوتنى هێزە عێراقییەکان بەسەر تیرۆریستانى داعش رادەگەیەنین".
فەرماندە و بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى فیرقەى ١٦ى سوپاى عێراق، عەمید قاسم محەمەد گوتی: "هەرچەند لە سەرەتاى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ پێشڕەوییەکانى سوپاى عێراق تاڕادەیەک سست بوو، ئەویش بەهۆى بوونى هاووڵاتییەکى زۆر و، بەرگرییەکى توندى تیرۆریستانى داعش، بەڵام دواى ئەوەى چەندین گورزى کوشندەى یەک لە دواى یەک بەر داعش کەوت لە ئێستادا لەگەڵ بەرگریکردنێکى کەم پاشەکشەیەکى زۆر دەکەن بەرەو بەرەى راستى مووسڵ و، ژمارەیەکى زۆریش بەرەو شارۆچکەکانى تەلەعفەر و بەعاج هەڵدێن، رەنگە مەبەست لەم هەڵاتنەیان راکردن بێت بەرەو سووریا، چونکە هێزە عێراقییەکان زیانى زۆرى گیانى و ماددیان بەتیرۆریستانى داعش گەیاندووە و هەڵاتن تاکە بژاردەیە لەبەردەم تیرۆریستانى داعش".
لەبارەى تاکتیک و بەرگرییەکانى داعش ئەو فەرماندەیە گوتی: "یەکێک لە تاکتیکەکانى داعش بەکارهێنانى ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراوە لە رێگەى چەکدارى خۆکوژەوە ئاراستەى هێزەکانمان دەکات. لە ئێستادا لە رێگەى ماتۆڕسیکل لەسەر زەوى و فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانی بچووک لە ئاسمان هێرش دەکەنە سەر سوپا و هێزەکانى دژە تیرۆر. لە رێگەى سووتاندنى نەوتى رەش و تایەى ئۆتۆمبێلەوە ئاسمانى ناوچەکە پڕ دەکەن لە دووکەڵ بۆ ئەوەى خۆیان لە بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانى سوپاى عێراق بپارێزن. لە هەمان کاتیشدا لەو ناوچانەى رووبەڕوو بوونەوە و شەڕ تێیدا دەگوزەرێت سەدان هاووڵاتى سڤیل کۆ دەکەنەوە لە ناوچەکە وەک قەڵغانێکى مرۆیی بەکاریان دەهێنن کە ئەمە یەکێکە لە بەربەستە هەرە گەروەکانى بەردەم پێشڕەوییەکانمان بۆ سەر تیرۆریستانى داعش".
سەبارەت بەزیانەکانى داعش عەمید قاسم محەمەد دەڵێت "ئەوەى راستى بێت بەوردى نازانین چەند تیرۆریستى داعش کوژراون، چونکە شەڕەکە بەردەوامە و ژمارەى کوژراوانیان لە بەرزبوونەوەیە، بەڵام ئەگەر بەنزیکی بڵێین، نزیکەى ١٢٠ تیرۆریستى داعش لە دوێنێوە تا ئێستا کوژراون و زیاتر لە ٧٠ لاشەیان لەناو ماڵ و شەقامەکانى شار بەجێماوە و لەنێو کوژراون ئەمیر و گەورە تیرۆریستى داعش هەن، زۆربەى ئەو تیرۆریستانەى کوژراون چەکدارە خۆکوژەکانى داعشن، چەکدارەکانى دیکەشیان پێش گەیشتنى هێزە عێراقییەکان بەناوچەکە رادەکەن و ترسنۆکانە پاشەکشە دەکەن، هەر لەو دوو رۆژەدا دەستمان بەسەر زیاتر لە ٢٠ هەمەرى سەربازى داعشدا گرت و چەندن پارچە چەکى سووک، مامناوەند و قورسشمان دەستکەوتووە".
فەرماندە و بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى فیرقەى ١٦ى سوپاى عێراق، ئاماژەى بەڕۆڵى تیمەکانى ئەندازەیی پوچەڵکردنەوەى بۆمبە چێنراوەکان کرد و گوتى: "تیمەکانى ئەندازەیی پۆچەڵکردنەوەى بۆمبە چێنراوەکان شەو و رۆژیان خستووەتە سەریەک بۆ پوچەڵکردنەوەى بۆمب و تەقەمەنیەکانى تیرۆریستانى داعش، تا ئێستا چەندین تۆن تەقەمەنیان لەناوبردووە. لە زانکۆى مووسڵ دەست بەسەر چەکى کیمیایی و غازى خەردەل و C4دا گیراوە کە ئەمانە چەکى قەدەغە کراون و بەکارهێنانیان مەترسییەکى گەورەی هەیە لەسەر ژیانى هاووڵاتییان و سەربازانى سوپا. زۆرینەى ئەو چەکانە داعش خۆی دروستى کردوون بەشێک لە کەلوپەڵەکانشیان هاوردە کراوە".
عەمید قاسم محەمەد باسی لە رۆڵى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى دژبە داعش کرد و گوتی: "ئەوەى هاوپەیمانان بۆ هێزە عێراقییەکانى کردووە هاوکارییەکى گەورە و گرنگە، کاریگەرى هەبووە لەسەر گۆڕینى پارسەنگى هێز لە بەرژەوەندى سوپاى عێراق و هێزەکانى دژە تیرۆر، بەردەوام جموجۆڵەکانى تیرۆریستانى داعش دەکەنە ئامانج و بۆردومانى بنکە و بارەگانى تیرۆریستانى داعش دەکەن، ئەوەش یەکێک بووە لە هۆکارەکانى رووخانى ورەى تیرۆریستانى داعش لەناو مووسڵ".
لەبارەى پاراستنى گیانى هاووڵاتییانى سڤیل ئەو فەرماندەیە ئاشکراى دەکات کە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکان کە سوپاى عێراق پێیەوە پاپەندە، پاراستنى گیانى هاووڵاتییانى سڤیلە، بەڵام بەداخەوە داعش جگە لەوەى وەک قەڵغانى مرۆیی بەکاریان دەهێنێت، زۆربەى جاریش بۆردومانیان دەکات زۆرینەى ئەو هاووڵاتییانەى گیان لە دەست دەدەن و بریندار دەبن بەهۆى بۆردومانە هەڕەمەکیەکانى تیرۆریستانى داعشە، تەنانەت چەندین جار ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراو ئاراستەى هاووڵاتییانى سڤیل دەکەن".
سەبارەت بەوەى ئایا داواتان کردووە پێشمەرگە هاوکاریتان بکات لە شەڕى ناوەندى مووسڵ؟ لە وەڵامدا فەرماندە و بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى فیرقەى ١٦ى سوپاى عێراق گوتى: "تا ئێستا داوامان نەکردووە چونکە پێویستیمان پێ نەبووە و داعش نەیتوانیوە بەرگرییەکى گەورە بکات کە ببێتە هۆى پاشەکشەی هێزەکانمان، بەڵام هەر کاتێک پێویستیمان بەهێزەکانى پێشمەرگە بێت بۆ پاڵپشتى کردنمان لە جەنگى دژبە تیرۆریستانى داعش لە ناوەندى مووسڵ، بەبێ دوو دڵى داوایان لێ دەکەین. لە ئێستادا پەیوەندى و هەماهەنگى باش لەنێوان هێزە عێراقییەکان و هێزەکانى پێشمەرگە هەیە، تەنانەت لە داڕشتنى تاکتیکى شەڕکردن و هێرش بردنیش سوودمان بەیەکترى گەیاندووە، لەو باوەڕەشداین کە پێشمەرگە ئامادەیە لە هەموو شوێنێک دژبە تیرۆریستانى داعش بجەنگێت".
لە قۆناغى یەکەم و دووەمى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ لە دەست تیرۆریستانى داعش کە چەند رۆژێکى ماوە ببێتە سێ مانگ، زیاتر لە ٦٠ گەڕەک کۆنتڕۆڵکراونەتەوە، هێرشبردن و شەڕەکە بەردەوامى هەیە لەگەڵ بەردەوامى جەنگەکە ئاوارەبوونیش بەردەوامە.
news_share_descriptionsubscription_contact

