Sibel Morrow
27 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2020
ئەنقەرە- AA
دوێنێ بەرمیلێک خاوی برێنت تا ٤٥ دۆلار و ٥٤ سەنت نزمبۆوە و رۆژەکەی بە ٤٥ دۆلار و ٦٤ سەنت تەواو کرد، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوت بەڕێژەی سەدا ١،٨ بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینی و بە ٤٦ دۆلار و ٢٨ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس نرخەکەی گەیشتە ٤٣ دۆلار و ٤٣ سەنت.
دابەزینی خێرای یەدەگەکانی نەوت لە ئەمریکا هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئەو سووتەمەنییە.
هەفتەی رابردوو، یەدەگەکانی نەوت لە ئەمریکا بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی ٤،٧ ملیۆن بەرمیل کەمی کرد لە کاتێکدا وا چاوڕوان دەکرا یەدەگەکان تەنها ٣،٧ ملیۆن بەرمیل کەم بکات.
هەواڵەکان سەبارەت بە چارەسەرکردنی کۆرۆنا و پێشهاتەکان لەبارەی درووستکردنی ڤاکسینی دژبەو ڤایرۆسە، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.
هەروەها کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کەنداوی مەکسیک بەهۆی زریان و گەردەلوولەوە، کاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر نرخەکانی نەوت.
بەڕێوبەرایەتی پاراستن و ژینگە سەربە وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاند کە بەرهەمهێنانی نەوت و لە کەنداوی مەکسیک بەڕێژەی لەسەدا ٨٤،٣ کەمی کردووە و بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لەو کەنداوەدا، بەڕێژەی لە سەدا ٦٠،٩٤ کەمبۆتەوە.
بەپێی ئامارەکانی زانکۆی جۆنز هۆپکینس ژمارەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە تەواوی جیهاندا، ٢٤ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئەم پەتایەوە گیانیان لەدەستداوە ٨٢٥ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
ئەمریکا بە زیاتر لە پێنج ملیۆن و ٨٠٠ هەزار حاڵەت لە ریزبەندی یەکەمی جیهاندایە، دوای ئەو بەڕازیل بە سێ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار حاڵەتەوە لە پلەی دووەمدایە و هیندستان بە سێ ملیۆن و ٣٠٠ حاڵەتەوە لە پلەی سێیەمدا دێت.