Hemin Hüseyin
02 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2017
هەولێر-AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی لە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق، فرانز جۆزێف کریمپ و شاندێکی یاوەری کرد.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا کریمپ پووختەیەکی دەربارەی سەردانە مەیدانییەکانی بۆ بەرەکانی جەنگی دژی تیرۆر و کەمپی ئاوارەکان پێشکەش کرد و دەستخۆشی لە خەڵک و حکوومەت و پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ پاراستنی ھەموو پێکھاتەکان لە ترس و ھەڕەشەی تیرۆر، ھەروەھا ھەماھەنگیی سەربازیی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا بەرز نرخاند. ئاماژەی بەوەش دا کە پەیوەندییەکی باش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەڵمانیادا ھەیە و ھەوڵی بەھێزترکردنی دەدەن.
لە هەواڵەکەدا هاتووە: "کریمپ باسی لەو سەنتەرە کرد کە لە زانکۆی دھۆک بۆ چارەسەرکردنی رزگاربووانی دەستی تیرۆریستانی داعش بەتایبەتی ئافرەتان دامەزراوە و ھەوڵ دەدەن سەنتەرەکە فراوانتر بکەن و یەکێکی دیکەش دامەزرێنن تا لەڕووی دەروونییەوە ھاوکاری ئەو ئافرەتانە بکەن کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە. ئاشکراشی کرد کە رێکخراوە ناحکوومییەکانی ئەڵمانیا لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بونیادنانەوەی ژێرخانی ئەو ناوچانەی ئازادکراون، ھاوکار دەبن".
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و ھاوکارییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیای لە بوارە جیاوازەکان بۆ ھەرێمی کوردستان کرد بەتایبەتی لە دامەزراندنی ئەو سەنتەرەی چارەسەری ئافرەتانی توندوتیژییان بەرامبەر کراوە لە زانکۆی دھۆک و ھیوای خواست کە زیاتر پەرەی پێ بدەن بۆ ئەوەی زۆرترین سوود بگەیەنێت بەو کەسانەی رووبەڕووی ئەم حاڵەتانە بوونەتەوە. سوپاسی ئەو ھەرێمانەی ئەڵمانیاشی کرد کە ھاوکار بوونە بۆ بەھاناوەھاتنی ئاوارەکانی دەستی تیرۆر بەگشتی و کوردانی ئێزدی بەتایبەتی.
سهربارهت به پهیوهندییهكانی نێوان ههرێمی كوردستان و ئهڵمانیا، نێچیرڤان بارزانی ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی بەرز نرخاند و ھیوای خواست کار بۆ زیاتر توندوتۆڵکردنیان بکرێت و ئامادەیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ ھەر ئاسانکاری و ھەماھەنگییەک لەمبارەیەوە دەربڕی.
تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی پەیوەست بە دوا بارودۆخی ناوچەکە و عێراق و ھەرێمی کوردستان، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.