Hemın Othman Mohammed
10 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2016
كاندیدی پێشبینیكراوی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا 2016هیلاری كلینتۆن رایگەیاند "بەهۆی ئەوەی كە ئێران مووشەكی دوورهاوێژی تاقی كردۆتەوە، پێویستە سزای زیاتری بەسەردا بسەپێندرێت".
دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران، مووشەكی بالیستی دوور هاوێژی تاقی كردەوە، كلینتۆن بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە كرد كە زۆر نیگەرانە سەبارەت بەو تاقی كردنەوەیە.
گوتیشی: "لە كاتێكدا لەم دۆخەدا رێككەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بەشێوەیەكی بەهێز جێبەجێ دەكرێت، بۆ جارێكی دیكە دەركەوتەوە كە پێویستە ئێران بەهۆی ئەو چالاكیانەیەوە كە بوونەتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا ملكەچ بكرێت. پێویستە بەهۆی ئەو چالاكیانەیەوە ئێران سزا بدرێت و نیشانی بدرێت كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە هەڕەشەكانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل نابورێت".
لای خۆیەوە گوتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا جۆش ئێرنست، باسی لەوە كرد كە هەواڵەكانیان سەبارەت بە تاقیكردنەوە مووشەكییەكەی ئێرانی بیستووە و لە نزیكەوە چاودێری وردەكاریی تاقیكردنەوەكانی ئەم هەفتەیە و ئەمڕۆی تارانیان كردووە.
ئێرنست، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا، ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە ماوەیەكی زۆرە پێداگرییەكانی ئێران بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەكی بالیستی بۆتە سەرچاوەی نیگەرانییەكانیان، ئەوەشی خستەڕوو كە بۆ بەرگرتن لە ئێران بۆ ئەوەی چەكی ئەتۆمی دەستنەخات، ساڵی رابردوو رێككەوتننامەیان لەگەڵ واژۆكرد.
جۆش ئێرنست، ئەوەشی خستەڕوو كە بەدەر لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەکە، هەوڵەكانیان زیاتر دەكەن بۆ ئەوەی پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەكی ئێران سنووردار بكەن. هەركاتێكیش زانیارییان دەستكەوت كە بەتەواوەتی چیان كردووە، ئەوا وەڵامێكی گونجاومان دەبێت.
هەروەها راشیگەیاند "لە سەردەمێكداین كە تیایدا ئێران زنجیرەیەك چالاكی سەربازیی ئەنجام دەدات. ئەگەر رۆژانی داهاتوو هاوشێوەی هەفتەی رابردوو هەڵدانی نوێی مووشەكی ئەنجام بدات، ئەوا نابێتە سوپرایز".