Muhammet Ali Kemal
02 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2017
ئدلیب- AA
بارەگاکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەربازیی سووریا کە 3 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوورن و دەکەونە دەورووبەری پارێزگای ئدلبی باکووری ئەو وڵاتە، دوێنێ شەو لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە کرانە ئامانج.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوە لۆکاڵییەکانەوە دەستی کەوتوون، دوێنێ شەو لە گوندی بابیسکای باکووری ئدلب کە نزیکەی 3 کیلۆمەتر دوورە لە سنووری تورکیاوە، هێرشی ئاسمانیی کراوەتە سەر بارەگاکانی هەریەک لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی جەیشوئیسلام، تەجەموع فەستاقیم و لیوای شوهەدا ئیسلام.
لەلێدوانێکدا لەرێگەی تەلەفۆنەوە، نوێنەری سیاسیی جەیشولئیسلام، محەمەد عەلوش، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند 7 هێرشی ئاسمانیی ئەنجامدراوە و تێیدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار هەن.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی هێرشەکە لەلایەن کێوە ئەنجامدراوە، عەلوش گوتی: ''ئەو فڕۆکانەی هێرشی کردە سەر ناوچەکە لە فڕۆکەی رووسی دەچوون. بەوەدا زانیمان کە فڕۆکەی رووسیین چونکە تەقینەوەی ئەو بۆمبانەی هەڵیدەدانە خوارەوە زۆر بەرهێز بوو، ئامانجەکانی بەشێوەیەکی ورد و درووست دەپێکا و دەنگی جیاواز بوو''.
محەمەد عەلوش باسی لەوەکرد سەرەڕای ئەوەی ئاگربەست لە 30ی کانوونی یەکەمەوە لە ئارادایە، بەڵام هێرش دەکرێتە سەر بارەگاکانی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان و لەنێویشیاندا بارەگاکانی جەیشولئیسلام.
عەلوش لەیەکەمین کۆبوونەوەی پەیوەست بە ئاگربەست، کە لە 23ی کانوونی دووەمدا لە ئاستانای پایتەختی کازاخستان بەڕێوەچوو، سەرۆکی شاندی ئۆپۆزسیۆنی سەربازیی سووریا بوو، بە ئامانجی تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاگربەست بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە لەگەڵ بەرپرسانی رووسیاشدا کۆببوویەوە.