Mehmet Burak Karacaoğlu
17 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2023
ئیدلب - AA
لە هێرشێکی هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد بۆسەر گوندی ئەبزیمۆ سەربە پارێزگای حەلەب باکووری سووریا، پێنج هاووڵاتیی مەدەنی برینداربوون.
رژێمی بەشار ئەسەد و تیرۆریستانی پشتیوانییکراو لەلایەن ئێران، بە چەکی زەمینی هێرشیان کردە سەر گوندی ئەبزیمۆ رۆژئاوای شاری حەلەب و جارێکی دیکە ئاگربەستی سووریایان پێشێل کرد.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی بەرگریی شارستانی (کڵاوە سپییەکان)ی سووریاوە دەستکەوتوون لە هێرشەکەدا، پێنج هاووڵاتیی مەدەنی برینداربوون.
بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دەوروبەر.
- رەوشی ئیدلب
لە دانوستانەکانی ئاستانادا کە لە چوار و پێنجی ئایاری ٢٠١٧دا بە بەشداریی تورکیا، رووسیا و ئێران بەڕێوەچوو، بڕیاردرا چوار "ناوچەی کەمکردنەی گرژیی" دروست بکرێن لە ئیدلب و ژمارەیەک ناوچەی دەورووبەری پارێزگاکانی (لازقییە، حەمما و حەلەب)، لەگەڵ باکووری پارێزگای حومس، غوتەی رۆژھەڵات و ناوچەکانی باشووری سووریا (پارێزگاکانی دەرعا و قونێتره).
بەڵام رژێمی بەشار ئەسەد و تیرۆریستانی پشتیوانییکراو لەلایەن ئێران بە پشتیوانی ھێزی ئاسمانیی رووسیا لەو چوار ناوچەیە سیانیان کۆنترۆڵ کرد و روویان کردە ئیدلب، دواتر لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا تورکیا و رووسیا بۆ بەھێزکردنی ئاگربەستی سووریا رێککەوتنی سۆچی-یان واژوو کرد.
رووسیا و ھێزەکانی رژێم لە ئایاری ٢٠١٩دا، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکە ئۆپەراسیۆنیان دەست پێ کرد و دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر شوێنی نیشتەجێبوونی ناو ناوچەی کەمکردنەی گرژییەکانی ئیدلب.
دوایین جاریش تورکیا و رووسیا لە پێنجی ئاداری ٢٠٢٠دا لە مۆسکۆ رێککەوتنێکی نوێیان واژوو کرد، هەرچەندە ئاگربەستەکە کە لەلایەن ھێزەکانی ئەسەدەوە ناو بە ناو پێشێل دەکرێت، بەشێوەیەکی بەرچاو پارێزراوە.
لە ٢٠١٧-٢٠٢٠دا نزیکەی دوو ملیۆن ھاووڵاتیی مەدەنی بەھۆی ھێرشەکانی رووسیا و رژێمی ئەسەدەوە ناچار بوون بەرەو ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیا کۆچ بکەن.