Heman Hussein Yaseen Yaseen
31 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2019
هەولێر - AA
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمە روو لە ھەرێمی کوردستان دەکات و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو ھەیە.
دوێنێش بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا هۆشداریدا و ئاماژەی بەوەکرد کە لە ئەنجامی چالاکبوونەوەی هەردوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور کە لە رۆژی شەممەی رابردووەوە کاری کردبووە سەر ناوچەکە، پێشبینیی دەکرێت ئەم شەپۆلەی بارانبارینە دووبارە بێتەوە و لە سەرتاسەری هەرێم بارانی بە لێزمە ببارێت.
کەشناسی هەرێم پێشبینی ئەوەیشی کردووە کە رێژەی بارانبارین لە سەرووی ٤٠ میلیمەتروە بێت.
ئێوارەی دوێنێش بۆ هەمان مەبەست وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی سەرپشک کرد لە دەوامکردن یان پشوودان بە هۆی بارانبارین و ئەگەری دروستبوونی لافاو.
هەریەک لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی بە هۆی پێشبیینییەکانی بارانبارینەوە پشووی فەرمیان لە ناوەندەکانی خوێندن راگەیاند.