Hemin Hüseyin
12 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2017
هەولێر - AA
بە جیا هەردوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان گەیشتنە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆبوونەوەیەک دەستی پێکرد
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتووە لە سکرتێری مەکتەبی سیاسیی، فازڵ میرانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، ئازاد بەرواری و رۆژ نوری شاوێس کە بڕیارە لەگەڵ شاندی بزووتنەوەی گۆڕان کە پێکهاتوو لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، جەلال جەوهەر، شۆڕش حاجی، رەئووف عوسمان، هیمداد هیرانی کۆببنەوە.
شاندەکان لەلایەن لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان مەلا بەختیار و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پێشوازی لێکرا.
ئامانج لە کۆبوونەوەکە وەک پێشتر راگەیەندراوە، گفتوگۆی یەکلاکەرەوە دەبێت لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و پرسی ئەنجامدانی گشتپرسی و بڕیاریشە کاتژمێر چواری ئێوارە هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان کۆببنەوە.