Ali Cura
24 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2021
گرۆدنۆ - AA
ئەوە راگەیەندرا کە کۆچبەرانی سەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا کە دەیانەوێت بچن بۆ ئەورووپا لە سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپاوە ناچار دەکرێن بگەڕێنەوە و بەکارھێنانی تەقەمەنی لە دژی ئەم گرووپە بێچەکانە بەردەوامە.
لیژنەی سنووریی دەوڵەتی بێلاڕووس لە بڵاوکراوەیەکدا کە گرتەیەکی ڤیدیۆیی ھاوپێچی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە گرووپێک لە نیوەشەودا رەتیان کردووەتەوە لە سنووری پۆڵەنداوە بگەڕێنەوە خاکی بێلاڕووس ولە نزیک تەلبەندەکانی سنووری پۆڵەندا ماونەتەوە و پەنایان بردووەتە خاکی پۆڵەندا.
لە بڵاوکراوەکەدا ھاتووە "سەربازانی پۆڵەندا، بۆ بڵاوەپێکردنی پەنابەران تەقەمەنی فڕێداوەتە سەر خاکی بێلاڕووس و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارھێناوە."
لە بڵاوکراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم جۆرە کردەوانە کاردانەوەی کۆچبەرانی زیادکردووە و پێش مەرجی بۆ ئیستفزازکردن لە سنوور پێکھێناوە و ھاتووە "ئەمە یەکەم جار نییە پۆڵەندا پێداویستیی تایبەت لە بەرامبەر کەسانی بێچەک بەکاربھێنێت. پۆڵەندا بە بەکارھێنانی تەقەمەنی، بۆمبی دەنگی، ئاوی گەرم و گازی فرمێسکڕێژ، یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و ھەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆسەر کۆچبەرە بێ بەرگرییەکان دروست دەکات".
- گەرماوی سەربازیی بۆ کۆچبەران درووست دەکرێت
لەلایەکی دیکەوە، چاوەڕوانی نزیکەی دوو ھەزار کەس کە ژن و منداڵیان لەنێودایە لەو سەنتەرە لۆجیستییەی کە ئیدارەی بێلاڕووس لە شوێنکی نزیک خاڵی سنووریی بروزگ دایمەزراندووە، بەردەوامە.
لەو شوێنەی کە ھەموو رۆژێک دۆخی ژیان قورستر دەبێت، سوپای بێلاڕووس بە مەبەستی نەھێشتنی کێشەی پاکوخاوێنی لە شوێنێکی نزیک سەنتەرەکە دەستی بە دروستکردنی گەرماوی سەربازیی کردووە.
سوپای بێلاڕووس لە کاتی دابەشکردنی خۆراکی کۆمەڵەی خاچی سووری بێلاڕووسی و رێکخراوەکانی ھاوکاریی، شامپۆ و سابونی بەسەر کۆچبەرەکاندا دابەش کرد.
شاندی شارەزایانی تەکنیکیی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، ئەو شوێنەیان بەسەر کردەوە کە کۆچبەرەکانی لێیە، شاندەکە دوای وەرگرتنی زانیاری لە بەرپرسانی ناوچەکە، بەبێ ھیچ لێدوانێک بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ناوچەکەیان جێھێشت.
ئەم بەیانییەش لەگەڵ بەفربارین منداڵان لە دەرەوەی سەنتەرەکە شەڕە تۆپەڵیان دەکرد.