جيهان

"هەڕەشەكانی ئەمریكا بۆ گەمارۆدانی بەرژەوەندییەكانی رووسیایە"

پسپۆرێكی زانستە سیاسییەكان دەڵێت، ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپا بەپەلەن لە دەستپێكردنی هێرش و پەلامار بۆ سەر سووریا و خوازیاری هاتنە ناوەوەی ئێرانن لە شەڕەكەدا تا ببێتە پاساوێك بۆ هێرشی دواتریان بۆ سەر تاران.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 13.04.2018 - نوێکردنەوە : 14.04.2018
"هەڕەشەكانی ئەمریكا بۆ گەمارۆدانی بەرژەوەندییەكانی رووسیایە"

As Sulaymaniyah

سلێمانی – AA

پسپۆری زانستە سیاسییەكان و مامۆستای زانكۆی لوبنانی ـ فەڕەنسی لە شاری هەولێر، سەردار قادر لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و هەڕەشە و ململانێكانی نێوان ئەمریكا و روسیا لە بارەی سووریاوە دوا و گوتی: "ئەوەی هەیە بەشێكە لەو بەشەی ململانێ‌ بۆ تەمبێكردنی رووسیا لەوەی كە دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم بەرژەوەندییەكانی ئەورووپا و ئەمریكا لە سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، بۆیە ئەوان زۆر پەلەیانە و تەنانەت چاوەڕوانی لیژنەیەكی نێودەوڵەتیش ناكەن ئەگەر لێكۆڵینەوە لە تاوانی كیمیابارانی شاری دوما بكات، چونكە پێشتریش رێكکەوتنێك هەبوو لەسەر ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە سووریا ئەم چەكەی نەماوە".

سەردار قادر گوتی: "لە رێگەی رژێمی سووریاوە دەگەڕێنەوە بۆ گەمارۆدانی تەواوی پێگە و بەرژەوەندییەكانی رووسیا لە سووریا، بۆیە پێش روودانی كیمیابارانەكەش نزیكەی 300 دیپلۆماتكاری رووسیا لە وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریكا دەركران، ئەمە ئەوەندەی ئاراستەیە بۆ ئێران و هاوكێشەی تازە لە ناوچەكە و لەكارخستنی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا ، ئەوەندەش بۆ گەمارۆدانی پێگە و بەرژەوەندییەكانی رووسیایە لە ناوچەكەدا".

ئەو هەروەها گوتی: "ئەگەر هێرش و پەلامارەكانی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانی رووبدات ئەوا شەڕێكی قورس روودەدات و تەنها لە سووریا نامێنێتەوە و شوێنەكانی تری جیهانیش دەگرێتەوە، ئەوكاتەش خاڵی تەماس تەنها سووریا نابێت و نزیكدەبێتەوە لە رووسیا و مۆسكۆی پایتەختیش كە ئێستا دەكەوێتە ناو بەشێك لە كیشوەری ئەورووپاوە و دراوسێكانیشی وڵاتانی ئەورووپین كە دژی رووسیان".

سەردار قادر كە هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە و پسپۆڕییەكەی لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسیەتی قەیران دایە، باس لە رۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ناتۆ لە جەنگی چاوەڕوانكراوی سووریا دەكات و دەڵێت "هەر بڕیارێك بۆ لێدانی سووریا لە لایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەبێت لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بێت و سەرپەرشتی كارەكە بكات، چونكە ناتۆ ناتوانێت ئەو بڕیارە بدات لەكاتێكدا نەبێت كە بڕوا بە دەوڵەتانی ناوچەكە بكات بەوەی رژێمی سووریا بووەتە مایەی مەترسی بۆ ناوچەكە و نەمانی ئەو رژێمەش دەبێتە مایەی سەقامگیری و گەڕانەوەی مافەكانی مرۆڤ بۆ ناوچەكە، بۆیە بڕوام وایە ئەگەر ئەمریكا بە كارێكی وا هەستێت ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش ، ئێستاش هەمووهەوڵەكانی خۆیان چڕكردووەتەوە تا رووسیا رازی بكەن و بڕیار لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دەربچێت سەبارەت بەو كارەساتەی لە سووریا رووی دا".

پسپۆڕەكەی زانستە سیاسییەكان لە بارەی گواستنەوەی هەڕەشەكانی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی تویتەروە دوا و گوتی: "ترەمپ وەك خویەكی سەرۆكی نوێی ئەمریكا ئەوەیە لە رێگەی تویتەوە هەڕەشە دەكات و بەرپرس لادەبات لە كارەكەی و كەسێكی تر لە شوێنی دادەنێت بە بێ‌ ئەوەی خۆی ئاگادار بێت، ئەو قسە و وەسفانەشی ترەمپ لەو رێگەیەوە دەیكات بەتایبەت ئەوەی ئەم دواییە بۆ رووسیا شتێكە كە پێشتر ئەو زاراوانەش نەگوتراون ، هەموو ئەوانە لە رووی دیپلۆماسییەوە پێشتر نەبوون و هەڵوێستەكەش زۆر توندو زبر بووەتەوە ، ئەمەش وای كردووە لەسەر ئاستی سۆشیال میدیا و راگەیاندن گوتارەكان توندتر بێت، بەڵام لە رۆژی رابردووەوە تاڕادەیەك دۆخەكە ئارام بووەتەوە و رووسیاش دەزانێت ئەم هەڵوێستەی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریكا لەسەر ئاستی ئابووری و پێگەی لە ناوچەكە كاریگەری زۆر دەبێت لەسەری ، ئەوەش وای لێكردووە بە هەڵوێستەكانیدا بچێتەوە و نەرمی بنوێنێت".

سەبارەت بە كاردانەوەكانی هەر هێرشێكی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانی بۆ سەر سووریا و كاریگەرییەكانی لەسەر ئێران و چارەنووسی پێگە و هێزی ئەو وڵاتە و پشتیوانییەكانی بۆ دەسەڵاتی ئێستای بەشار ئەسەد، سەردار قادر لە وەڵامدا گوتی: "دەمێنێتەوە سەر ئەوەی ئێران تا چەند بەرگری دەكات و پارێزگاری لە دەسەڵاتی ئەسەد دەكات، ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپا مەبەستیانە ئێران بە شێوازێكی راستەوخۆ لەم بابەتەدا دەست بكاتەوە و یارمەتی سووریا بدات تا پاساوێك بدات بەدەستەوە و دواتر هەڵوێستێكی نێودەوڵەتی دژی ئەو بنوێنن، چونكە لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە هەركەس بەرگری لە رژێمەكەی بەشار ئەسەد بكات ئەوا بەرگری لە تاوانێكی نێودەوڵەتی دەكات كە كیمیاباران كردن و لەناوبردنی خەڵكی ترە، ئەمەش هەڵوێستی ئێران لاواز دەكات و دەبێتە پاساوێك كە دواتر لە رێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بڕیارێك بۆ ئەویش دەربچێت".

پێشتر بەشێك لە وڵاتانی جیهان داوای ئاساییكردنەوەی دۆخەكە و پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنیان كرد لە سووریا كە بە هۆی هێرش و پەلامارەكانی سووریا و وڵاتانی زلهێزی جیهانەوە لەو وڵاتە ژمارەیەكی زۆریان بونەتە قوربانی، سەردار قادر لە بارەی كەوتنەوەی ژمارەیەكی زیاتری قوربانیانی مەدەنی لەكاتی سەرهەڵدانی شەڕ و هێرش و پەلامارەكانی وڵاتاندا دواو گوتی: " ئەگەر جەنگ لە سووریا سەری هەڵدا و ببێتە جەنگێكی بریكاری لەسەر ئەرزی واقیع ، ئەوا پێشتر چۆن بووە بەهەمان شێوە دووبارە دەبێتەوە، چونكە ئەو گرووپانەی لە سووریا هەن هەریەك بە بریكاری یەكێك شەڕ دەكەن، ئەوەش وای كردووە لەهەردوولاوە خەڵك و دانیشتووانی وڵاتەكە ببنە قوربانی".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın