Rewa Mahmut Hasan
04 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2016
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، مارك تۆنەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە باشترین رێگە بۆ گەیاندنی یارمەتیە مرۆییەكان بە ناوچە لێقەوماوەكانی سووریا، رێگای وشكانیە، ئەمە لە كاتێكدایە كە مانگی رابردوو لە كۆبوونەوەی ڤیەننا بڕیار درا كە لە یەكی ئەم مانگەوە یارمەتیەكان لەڕێگەی ئاسمانیەوە بگەیەندرێنە دەست لێقەوماوان، بەڵام تائێستا لایەنەكان لەسەر ئەو پرسە رێككنەكەوتوون.
تۆنەر لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئاسایی رۆژانەی خۆیدا ئاماژەی بەوە دا كە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەی گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بە لێقەوماوانی گەمارۆدراو بەردەوامی هەیە.
لەلایەكی دیكەوە و لەوەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە گوتەكانی راوێژكاری میدیایی بەشار ئەسەد لەمیانی بەشداری كردنی لە كۆنفرانسێكدا كە لەواشنتۆن رێكخرابوو، تۆنەر زۆر بەتوندی وەڵامی دایەوە و رایگەیاند كە ئەو بەزۆر خۆی كۆنترۆڵ دەكات تاكو هەوڵ نەدات سووكایەتی پێبكات .
ئەمە لەكاتێكدایە كە چەند رۆژ لەمەوبەر، راوێژكاری ئەسەد بۆ كاروباری میدیایی بەناوی بوسەینا شەعبانەوە لەڕێگەی سكایپەوە بەشداری لە كۆنفرانسێكی ئەمریكیدا كردبوو دژ بە داعش و تێیدا شەعبان ئاماژەی بەوەدابوو كە هیچ كەسێك لە سووریا پێویستی بە یارمەتیی مرۆیی نییە.