Firdevs Bulut
25 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2020
ئەنقەرە- AA
جین چانگ کە هاووڵاتییەکی کۆریای باشوورە و لەگەڵ ١١ پەیامنێری دیکە بەشداری پێشانگای "Exodus Deja-vu"ی کردووە. بەبۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەرانەوە بەشداری ڤیدیۆکۆنفڕانسێکی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە و ئەوەی خستەڕوو کە وەک فۆتۆگرافەرێکی ژن ساڵانێکی درێژ لە وڵاتانی ئەفریقا و ئەفغانستان کاری کردوە و لەڕێی ریپۆرتاژە وێنەییەکانییەوە کێشەکانی ژنانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناساندوە.
هەرچەندە لە ساڵانی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر فۆتۆگرافەر کاریان لەسەر کێشەی پەنابەران کردووە، بەڵام چانگ بەتایبەتی سەرنجی خستووەتە سەر کێشەی ژنان لە کەمپەکانی پەنابەراندا.
ئەو فۆتۆگرافەرە لە ساڵانی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ لە ئەفغانستان ژیاوە و زنجیرەیەک وێنەی فۆتۆگرافی لەسەر تەندروستی دایکی دووگیان، خوێندن و مافەکانی ژنان ئامادە کردوە.
دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٨ سەردانی کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی کرد، دەستی کرد بە سەرنج خستنە سەر توندوتیژی سێکسی دژ بە ژنان.
دواتر لە نێجیریا رێپۆرتاژی وێنەیی لەسەر کۆیلەی سێکسی، بەزۆر بەشوودان و کاریگەری پێکدادانە چەکدارییەکان لەسەر ژنان ئامادە کرد.
لە ساڵی ٢٠١١دا باشووری سوودان سەربەخۆیی خۆی راگەیاند، دوو ساڵ دواتر و لە ٢٠١٣دا چانگ چووە وڵاتی ئۆگەندای دراوسێی باشووری سوودان و لەسەر کێشەی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار پەنابەر کاری کرد کە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە لە باشووری سودانەوە کۆچیان بۆ ئۆگەندا کردبوو و زۆربەشیان ژن و منداڵ بوون.
چانگ لەبارەی ئەم کارانەیەوە باس لەوە دەکات کە ویستویەتی گوێبیستی چیرۆکەکانی ژنان بێت و دەنگیان بە جیهان بگەیەنێت، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە کلیلی گێڕانەوەی چیرۆکی وێنەکان، دروستکردنی هاوسۆزی و روانینە لە کێشەی خاوەنی وێنەکان لە روانگەی میهرەبانییەوە.
جێی ئاماژەیە پێشانگای "Exodus Deja-vu" تایبەتە بەو وێنانەی چیرۆکی پەنابەران دەگێڕنەوە و بۆ یەکەمجاریش لە ساڵی ٢٠١٦ لە کوالالامپوری پایتەختی مالیزیا رێکخرا.
ئەمساڵ بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) پێشانگاکە بەشێوەی ئەلەکترۆنی نمایش کرا.