Mustafa Deveci
10 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2021
قودس - AA
وەزیری وزەی ئیسرائیل، یوڤال شتاینتز رایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەی کاری ھاوبەشە لەگەڵ تورکیا.
یوڤال شتاینتز لە رێپۆرتاجێکیدا بۆ میدیا روومییەکان، باسی لە پرۆژەی ھێڵی بۆری گازی سروشتی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست (Eastmed) کرد.
وەزیری وزەی ئیسرائیل، یوڤال شتاینتز ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆژەی Eastmed، گازی سروشتی ئیسرائیل و ئیدارەی روومی لە باشووری قوبرس دەگەێنێتە ئەورووپا و گوتی: "ئەم پرۆژەیە تا بڵێی گرنگە. دەبێتە درێژترین و قوڵترین پرۆژە کە لەژێر دەریادا دروست دەکرێت. ھیوادارین ئەم پرۆژەیە لەمڕۆوە لە ماوەی پێنج ساڵدا تەواو بکرێت".
یوڤال شتاینتز ئەوەی راگەیاند کە ئیسرائیل، گرنگی بەو پرۆژەیە دەدات و پاڵپشتی دەکات و بەرگریی لەوە کرد کە تەل ئەبیب و قوبرسی باشوور خاوەنی پرۆژەی وەکو Eastmedن کە دوو یان سێ ھێڵی بوری گازیان ھەیە.
وەزیری وزەی ئیسرائیل، یوڤال شتاینتز ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە پێشتر گفتوگۆ لەبارەی ھەناردەکردنی گازی ئیسرائیل بۆ تورکیا ھەبووە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەنجام و گوتی: "ئومێدەوارم رۆژێک تورکیا بەشداربێـت لە ناوچەکە و تەنانەت دەبێتە بەشێک لە دیداری گازی رۆژھەڵاتی دەرياى ناوەڕاست. لە بری پێکدادان بەشداریکردن ھەڵدەبژێرێت، ئومێدەوارم ھەڵوێستەکانی بگۆڕێت، ئێمە ئامادەین کاری ھاوبەش لەگەڵ تورکیا بکەین. دەمانەوێت تورکیا، لەبری سەرچاوەیەکی پێکدادان وەکو ھاوبەشێکی ناوچەیی ببینین".
دوێنێ یوڤال شتاینتز سەردانی باشووری قوبرسی کرد و بەشداری لە رێورەسمی واژووکردنی یاداشتنامەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای نێوان ئیسرائیل، یۆنان و ئیدارەی روومی لە باشووری قوبرس کرد.