Esat Fırat,Turgut Alp Boyraz
11 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2021
قودس - AA
پۆلیسی ئیسرائیل لە دوای نوێژی ئێوارەوە جارێکی دیکە ھەڵیانکوتایە سەر نوێژخوێنانی مزگەوتی ئەقسا لە ناوچەی کۆنە شار لە قودسی رۆژھەڵات-ی داگیرکراو.
گوتەبێژی ئیدارەی وەقفە ئیسلامییەکانی قودس، فیراس دیبس، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەوەی راگەیاند کە پۆلیسی ئیسرائیل ھێرشیان کردووەتە سەر نوێژخوێنانی حەرەمی پیرۆز.
دیبس، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە لە بەردەم دەرگای ئەلمەغریب کە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای مزگەوتی ئەقسا-وە بەریەککەوتن و دەمەقاڵێ لە نێوان گەنجە فەڵەستینییەکان و پۆلیسی ئیسرائیل روویداوە و جەختی لەوە کردەوە کە پۆلیس لە رێگەی بەکارھێنانی بۆمبی دەنگی و فیشەکی پلاستیکییەوە بڵاوەی بە فەڵەستینییەکان کردووە.
فیراس دیبس، ئەوەشی راگەیاند کە لە کاتی ھێرشەکانی پۆلیسی ئیسرائیل ئاگرکەوتووەتەوە و دارێک لە ناو حەرەمی پیرۆز ئاگری تێکەوتووە و ئاگرەکە لەلایەن ئاگرکوژێنەوەی مزگەوتی ئەقسا-وە کوژاوەتەوە.
گوتەبێژی ئیدارەی وەقفە ئیسلامییەکانی قودس، فیراس دیبس، ئاماژەی بەوەش کرد کە جوولەکە توندڕەوەکان ئاھەنگیان لە ناوچەی دیواری بوراق لە مزگەوتی ئەقسا گێڕاوە و ئەوەشی راگەیاند کە ھێرشەکانی پۆلیسی ئیسرائیل بەردەوامە.
گەنجە فەڵەستینییەکان، کە لە ناو و چواردەوری مەسجیدی قیبلە لە مزگەوتی ئەقسا بەربەستی بچووکیان دروستکردووە، ئاڵای فەڵەستین و تەوحید-یان لەسەر مەسجیدی قیبلە ھەڵواسیوە.
لە کاتێکدا گەنجە فەڵەستینییەکان بە بەرد وەڵامی پۆلیسی ئیسرائیل دەدەنەوە، ئەوانیش بەردەوامن لە بەکارھێنانی فیشەکی پلاستیکی و بۆمبی دەنگی.
لە كاتێكدا ھێرشەکانی پۆلیسی ئیسرائیل بۆسەر مزگەوتی ئەقسا بەردەوامبوو، نوێژخوێنان درێژەیان بە ئەداكردنى نوێژی خەوتنان و تەراویح لە حەرەمی پیرۆز دا.