Abdullah Abdulmanaf Shukur
08 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر - AA
بەرپرسانی حزبی و حکوومی ھەرێمی کوردستان پەیامی پیرۆزبایان بە زمانی ئینگلیزی ئاراستەی جۆ بایدن کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا.
- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ھێمن ھەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ھێمن ھەورامی لە تویتەر پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی بایدن کردووە و نووسیوویەتی: "لە دڵەوە پیرۆزبایی لە جۆ بایدن و کامالا ھاریسن دەکەین".
هێمن هەورامی نووسیوویەتی: "ھیوادارین لە ژێر سەرکردایەتی ئێوە دووبارە پێکەوە کارکردن لە پێناو چاکەی مرۆڤایەتی و پەیوەندی فرە لایەنە بەھێزتر دەبێتەوە. بە پەرۆشەوە ھەرێمی کوردستان چاوەڕێی بەھێزترکردنی پەیوەندی دووقۆڵی دەکات".
- جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی جۆ بایدن کرد بە بۆنەی ھەڵبژاردنی وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا.
قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا نووسیوویەتی: "پیرۆزبایەکی گەرم لە پیاوێکی باش، سیاسەتمەدارێکی بە ئەزموون و ھاوڕێی دێرین، جۆ بایدن دەکەم. بە پەرۆشەوە چاوەڕێی پێکەوە کارکردنین لەگەڵ ئیدارەی نوێی جۆ بایدن بەمەبەستی بەھێزترکردنی ھاوپەیمانییە بە ھێزەکەمان لەگەڵ حکوومەت، سوپا و گەلی ئەمریکا".
- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی
هاوکات بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی جۆ بایدن کرد.
سەفین دزەیی لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "پیرۆزبایی لە سەرۆکی ھەڵبژێردراو جۆ بایدن و جێگرەکەی کامالا ھاریس و خەڵکی ئەمریکا دەکەم بەبۆنەی ھەڵبژاردنی ٤٦ەمین سەرۆکی وڵاتەکەیان".
سەفین دزەیی ھیواشی خواستووە کە پەیوەندی پتەوی نێوانیان وەک دۆست و ھاوپەیمان زیاتر پێشبخەن و سوپاسی پاڵپشتی ئیدارەی ترەمپیشی لەماوەی ڕابردوودا کرد.
- ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لاھور شێخ جەنگی
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لاھور شێخ جەنگی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا، جۆ بایدن کرد.
لاھور شێخ جەنگی لە تویتێکدا لە ھەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی، "پیرۆزبایی لە سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا جۆ بایدن دەکەم، ھیوادارم بەیەکەوە ھەوڵەکانمان بخەینەگەڕ بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاشتی و ئاسایش و ئارامی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا".
- سکرتێری حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان محەممەد حاجی مەحمود
سکرتێری حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی جۆ بایدن کرد و لە تویتەر نووسییەتی "بە ئومێدی درێژەدان بە ھەماھەنگیی بەھێزی نێوان کورد و ئەمریکا."
محەمەد حاجی مەحمود لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە بۆنەی سەرکەوتنی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێدا ھاتووە: "پیرۆزبایی لە جۆ بایدن دەکەم بەبۆنەی ھەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ئومێدی درێژەدان بە ھەماھەنگیی بەھێزی نێوان کورد و ئەمریکا."
- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، بەیان سامی عەبدولڕەحمان
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، بەیان سامی عەبدولڕەحمان پیرۆزبایی لە جۆ بایدن کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا و کامالا ھاریس وەک یەکەمین ئافرەتی جێگیری سەرۆک لە ئەمریکا.
بەیانی سامی عەبدولڕەحمان لە تویتەر نووسییوویەتی: "پیرۆزبایی لە جۆ بایدن دەکەم بەبۆنەی ھەڵبژاردنی بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کامالا ھاریس وەک یەکەمین ئافرەتی جێگری سەرۆک لە ئەمریکا. ئومێدەواری درێژەدانین بە ھاوپەیمانێتی بەھێزمان".
ھاوکات سوپاسی دۆناڵد ترەمپ-یشی کرد بەھۆی پشتیوانییەکانی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا.