Mehmet Şah Yılmaz,Ali Cura
31 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2023
ئه‌نقه‌ره-AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوش‌ئۆغڵو، ئاشكرایكرد، رەنگە لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووه‌مدا دووەم كۆبوونه‌وه لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، ئەنجام بدرێت.
مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو كه به مه‌به‌ستی به‌شدارییكردن له رێوڕه‌سمی سوێندخواردنی لویز ئیناسیۆ لولا داسیڵڤا كه رۆژی ١ی كانوونی دووه‌م وه‌ك سه‌رۆكی وڵات ده‌ستبه‌كارده‌بێت، له به‌ڕازیله، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانی سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ ئه‌نجامیداوه، دایه‌وه.
چاوش‌ئۆغڵو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد لاڤرۆڤ لێی پرسیوه: "کەی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی وه‌زیره‌كان ئەنجام بدەین؟" و رایگه‌یاند: "گوتم با به‌باشی خۆمان ئامادە بکەین، هەرکاتێک ئامادە بووین، ئه‌نجامی ده‌ده‌ین". باسی له‌وه‌شكرد لاڤرۆڤ گوتوویه‌تی: "نیوه‌ی دووه‌می مانگی كانوونی دووه‌م چۆنه؟"، گوتم: "ده‌كرێت". ئاشكراشیكرد: "هێشتا بڕیارمان نه‌داوه له كوێ كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌نجامبده‌ین. ره‌نگه له وڵاتی سێیه‌م بێت، باسی هه‌ندێك وڵاتمان كردووه".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ناوی ئەو وڵاتانەی نه‌هێنا كه باسكراون و گوتی: "کاتێک ناوه‌كان دیارییكران پێتان ده‌ڵێم. چونکە باسمان لە چەند وڵاتێكی جێگره‌وه کرد".
له وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌وانێكدا، مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو رایگه‌یاند: "دەکرێت لە مۆسکۆ بێت. دەکرێت لە وڵاتی سێیەم بێت. هەردووکمان هەمان شتمان گوت. لەبەر ئەوە نییە کە دژی مۆسکۆ بین یان ئەوەی كه نه‌مانه‌وێت بچینه ئەوێ".
چاوش‌ئۆغڵو رایگه‌یاند: "ئەو بابه‌تانه‌ی كه باسیان دەکەین، تا دێت ئاستیان به‌ره‌و سەرەوە ده‌چێت. سەرەتا کۆبوونەوە له ئاستی تەکنیکی و هەواڵگری سەربازی. دواتر قۆناغی سیاسی، پاشان کاروباری دەرەوە، ئایا لە داهاتوودا کۆبوونەوە له‌سه‌ر ئاستی باڵاتر ئه‌نجامده‌رێت یان نا؟ پێویستە کار لەسەر ئه‌مه بکەین، بۆچی؟ ئامانجی ئه‌م کۆبوونەوانە چییە؟ ئێمە چی دەکەین؟ چاوەڕوانییەکان چین؟ ده‌توانین پێکەوە چی بکەین؟".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا باسی له‌وه‌شكرد، وه‌زیری به‌رگریی توركیا، خولوسی ئاكار، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی توركیا (میت)، هاكان فیدان، وه‌زیری به‌رگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو، وه‌زیری به‌رگریی سووریا، عه‌لی مه‌حمود عه‌باس و سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی هه‌ریه‌ک له رووسیا و سووریا پێكه‌وه له مۆسكۆ كۆبوونه‌ته‌وه و روونكردنه‌وه‌ی پێویستیان داوه.
چاوش‌ئۆغڵو سەبارەت بە ژماره‌یه‌ك بانگه‌شه‌ی میدیای سووریا له‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه، رایگه‌یاند:
گوتیشی: "وەزیری بەرگریمان و سه‌رۆكی ده‌زگای هەواڵگریمان، روونکردنەوەی پێویستیان له‌باره‌ی کۆبوونەوەکه دا، بەڵام ئێمه هەمیشە ئه‌وه دەڵێین؛ ئەگەر لێرە بۆشاییەک هەبێت و رێکخراوە تیرۆریستییەکان ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە، ئه‌وا جگه له سه‌قامگیریی، ئێمه ده‌ڵێین ئه‌مه خاكی سووریایه. ئێمه ئه‌مه ده‌زانین و چاومان تێنهبڕیوه. پشتگیری یه‌كپارچه‌یی سنووره‌كان و خاکی وڵاته‌كه دەکەین. بەڵام دەبێت لێرە سەقامگیری هەبێت و له‌م پێواژووه سیاسییه‌دا هه‌ندێك هه‌نگاو بهاوێژرێن".
گوتیشی: "شتێک نییە بە ناوی یه‌ك جار کۆبوونەوە لەگەڵ وڵاتێک لەکاتی ئاساییکردنەوەی په‌یوه‌ندییه‌كاندا. ئەگەر یه‌ك جار كۆببیته‌وه، نا‌توانیت هیچ پێشکەوتنێک بەدەستبهێنیت". ئاشكراشیكرد، له به‌ڕازیل لەگەڵ زۆرێک لە هاوتاکانی كۆده‌بێته‌وه.