Muhammet Ali Kemal
26 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2017
پەکین- AA
چین ژمارەیەک مانگی دەستکردنی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد کە خاوەنی تەکنەلۆژیای ''هەستکردن لە دوورەوە''ن.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی شینخوا، گرووپی سێیەمی زنجیرەی مانگە دەستکردەکانی یاوگن-٣٠ کە خاوەنی تەکنەلۆژیای ''هەستکردن لە دوورەوە''ن لە ناوەندی شیچانگ بۆ هەڵدانی مانگە دەستکردەکان لە شاری سیچوانەوە بە مووشەکی 2C رەوانەی بۆشایی ئاسمانی کراون.
ئاماژە بەوەشکراوە مانگە دەستکردەکان چوونەتە نێو ئەو خولگانەی کە پێشتر بۆیان دەستنیشانکراوە.
باس لەوەکراوە مانگە دەستکردەکانی زنجیرەی یاوگن کە خاوەنی تەکنەلۆژیای هەستکردن لە دوورەوەن، بەمەبەستی ژمارەیەک دۆزینەوەی پەیوەست بە ناوەندە ئەلیکترۆ-موگناتیسییەکان و ئەنجامدانی چەند تاقیکردنەوەیەک هەڵدراون.
بەڵام هیچ زانیارییەک سەبارەت بەوەی گرووپی سێیەمی زنجیرەکە چەند مانگی دەستکرد لەخۆ دەگرێت، بڵاونەکراوەتەوە.
چین زنجیرەی مانگە دەستکردەکانی یاوگن بۆ هەریەک لە ئامانجەکانی لێکۆڵێنەوە لە سەرچاوە سرووشتییەکان، بەدواداچوونی زانستی، پارێزگاریی لەبەرامبەر کارەساتە سرووشتییەکان و خەمڵاندنی بەرهەمی کشتووکاڵی بەکاردەهێنێت.
لە هەواڵەکەی ئاژانسی شینخوادا ئاماژە بەوەکراوە ئەمە ٢٦٠ هەڵدانە کە بە مووشەکی خۆماڵی چینی ئەنجامدەدرێت.
رۆژی ٢٩ی ئەیلوول ژمارەیەک مانگی دەستکردی سەربە یاوگن-٣٠ رەوانەی خولگەکانیان کرابوون.
چین لە ساڵی ٢٠٠٦دا یەکەم مانگی دەستکردی یاوگن کە بە مانای هەستکردن لە دوورەوە دێت، رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردبوو.