Sangar Hamad Azeez
20 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2017
مەکسیکۆ - AA
ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی دوێنێی مەکسیک بەرزبوویەوە و گەیشتە ٢٤٨ کەس.
بە گوێرەی روونکردنەوەیەکی ناوەندی بەرگری شارستانی ناوچەکە، بوومەلەرزەکە لە شارۆچکەی رابۆسۆ کە پێنج کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری پوێبلا دوورە روویداوە و لە قۆڵایی ٥١ کیلۆمەترەوە هەڵقوڵاوە و بە هۆیەوە ٢٤٨ کەس گیانیان لەدەست داوە.
روونکردنەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بە دەیان بینا لە مەکسیکۆی پایتەخت بە هۆی بوومەلەرزەکەوە داڕماون.
بەرپرسی بەرگری شارستانی لە ناوچەکە، لویس فلیپ پوێنتە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند کە بە هۆی بوومەلەرزەکەوە لە پارێزگاکانی مەکسیکۆ ١١٧ کەس و لە مۆرێلۆس ٧٢ کەس و لە پوێبلا ٤٣ کەس و لە گورێراۆ ١٢ کەس و لە ئیواکسا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەهێزترین بوومەلەرزەش لە ١٩ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٥ لە مەکسیک روویدا و بە هۆیەوە پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.