Sangar Hamad Azeez
19 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2017
نیویۆڕک - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ: "زۆر سوپاسی وڵاتانی ئوردن، تورکیا و لوبنان دەکەین کە باوەشیان بۆ پەنابەران کردووەتەوە".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەکانی خولی ٧٢هەمینی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە لەوەی کە تا ئەوکاتەی لە پۆستی سەرۆکایەتی دەمێنێتەوە وڵاتەکەی لە سەرووی هەمووشتێکەوە دادەنێت و گوتی: "وەک سەرۆکی ئەمریکا، هەموو کات وڵاتەکەم لە سەرووی پلانەکانمەوە دادەنێم. ئێوەش وەک سەرکردە وڵاتەکانتان لە سەرووی کارەکانتانەوە دابنێن".
دۆناڵد ترەمپ باسی لە قەیرانی سووریا کرد و گوتی: "بەو هەڵوێستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزانین کە هەوڵدەدات یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەنێتە ئەو شوێنانەی کە لە ژێردەستی داعش رزگارکراون لە سووریا و هەروەها زۆر سوپاسی ئوردن، تورکیا و لوبنان دەکەین کە باوەشیان بۆ پەنابەران کردووەتەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا، باسی کۆریای باکوور کرد و گوتی: " کۆریای باکوور بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڕەشە لە تەواوی مرۆڤایەتی دەکات، ئێمەش وەک ئەمریکا ئامادەین تەواوی رێکارەکان بگرینە بەر بۆ بەرگرتن لە هەڕەشەکانی".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ناوی سەرۆکی کۆریای باکووری بە "پیاوی مووشەکی لە ئەرکی خۆکوشتن" ناوزەد کرد و گوتی: "ئەگەر بێت و کۆریای باکوور بەردەوام بێت لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەوا جگە لە لەناوبردنی ئەو وڵاتە هیچ بژاردەیەکی دیکە نامێنێتەوە".
دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستە سەرئەوەی کە هەندێک وڵات تەنها بازرگانی لەگەڵ کۆریای باکوور ناکەن بەڵکو چەکیشی پێ دەفرۆشن و گوتی: "پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر کۆریای باکوور سنووردار بکات"، هاوکات سوپاسی چین و رووسیای کرد کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە کۆریای باکوور دەنگیان دا.
هەر لە درێژەی گوتەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دا بە حکوومەتی ئێران کە واز لە پاڵپشتیکردنی تیرۆر بهێنێت و گوتی:" ئێران بە پشتیوانیکردنی حزبوڵڵا و رژێمی ئەسەد لە ناوچەکە قەیران دروست دەکات. رێککەوتنی ناوەکی لەگەڵ ئێران بۆ ئەمریکا مایەی شەرمەزارییە. لەوبارەیەوە ھێشتا گوێبیستی دوا قسەمان نەبوون".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ هاتە سەر باسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و گوتی: "لەگەڵ بەکارھێنانی چەکی کیمیایی قەدەغەکراودا، ھیچ وڵاتێک لەنێو متمانەدا نابێت. پێویستە رژێمی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد لە سووریا واز لە ھێرشەکانی بھێنێت".
سەرۆکی ئەمریکا، رەخنەی لە حکوومەتی ڤێنیزویلاش گرت و گوتی: "ئەگەر بێت و حکوومەتی ڤێنیزویلا بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی 'دەسەڵاتی خۆسەپێنەر' لەسەر گەلەکەی ئەوا ئامادەین هەنگاوی زیاتر دژ بەو وڵاتە بنێین".