Muhammet Ali Kemal
04 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2016
لەدوای دیبەیتەکەی هەفتەی رابردووی نێوانیان، کاندیدی دیموکراتەکان و وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، هیلاری کلینتۆن توانی پێنج خاڵ پێش کاندیدی کۆمارییەکان و ملیاردێر دۆناڵد ترەمپ، بکەوێت.
لەراپرسییەکەدا کە بەهاوکاریی کەناڵی سی ئێن ئێن و کۆمپانیای راپرسیی ORC ئەنجامدراوە، کاندیدی دیموکراتەکان، هیلاری کلینتۆن لەسەدا 47 و کاندیدی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ لەسەدا 42ی بەدەست هێنا. هاوکات کاندیدی ئازادیخوازەکان، گاری جۆنسن و کاندیدی پارتی سەوز، جیڵ ستەین لەسەدا دووی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
وا لێکدەدرێتەوە کە دیبەیتی دووشەممەی رابردووی نێوان کلینتۆن و ترەمپ کە ''لەسوودی'' کاندیدی دیموکراتەکان تەواوبوو، کاریگەریی لەسەر ئەنجامەکانی راپرسییەکە هەیە.
یەکێکی دیکە لەهۆکارەکانی بەرزبوونەوەی جیاوازیی خاڵەکانی نێوان هەردوو کاندید بۆ پێنج خاڵ دوای ئەوەی لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا جیاوازییەکە کەم ببوویەوە، بریتییە لەکاریگەریی مشتومڕەکانی رایگشتی سەبارەت بەوەی ئایا ترەمپ ماوەی چەندین ساڵە باجی داوەتە حکوومەتی ئەمریکا یان نا.