Muhammet Ali Kemal
04 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەیان کرد رووسیا بۆ یەکەمجار سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی مووشەکیی لە جۆری SA-23 Gladiator، لە سووریا دامەزراندووە.
سێ بەرپرسی باڵای سەربازیی لە چاوپێکەوتنیاندا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی رایانگەیاند سیستمی SA-23 Gladiator کە سیستمێکی پێشکەوتووی بەرگریی مووشکەیی دژی بالیستییە لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا گەیشتووەتە بەندەری تەرتوس رۆژئاوای سووریا.
یەکێک لە بەرپرسە سەربازییەکان ئاماژەی بەوەکرد لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەیەک زانیاریی هەواڵگرییان سەبارەت بە گواستنەوەی پارچەکانی سیستمی SA-23 Gladiator لەناوخۆی رووسیادا پێگەیشتووە.
ئەم لێدوانە کە رۆژی راگرتنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا سەبارەت بە سووریا، بڵاوکرایەوە، وەک نیشانەیەکی روونی بەردەوامیی پشتیوانیی سەربازیی رووسیا بۆ رژێمی ئەسەد لێکدەدرێتەوە.
ئاماژە بەوەشدەکرێت سیستمی SA-23 Gladiator کە مەوداکەی 150 میلە، بۆ یەکەمجارە لەدەرەوەی رووسیا جێگیردەکرێت.
- ''ئامانجی ئەو سیستمە مووشەکییە نادیارە''
لەکاتێکدا ئامانجی هێنانی ئەو سیستمە مووشەکییە بۆ سووریا کە تا ئێستا چالاک نەکراوە، نادیارە، بەهۆی ئەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی هاوشێوەی داعش و بەرەی نوسرە خاوەنی توانای ئاسمانیی نیین، ئامانجی سیستمەکە کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە.
ئامانجی سیستمە نوێکە لە ئێستادا نازانرێت ئایا وەک ''رێوشوێنەکە'' کە گیرابێتە بەر لەدژی ئەگەری هێرشێکی مووشەکیی ''کروز'' لەلایەن ئەمریکاوە یان نا.
حکوومەتی مۆسکۆ لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا دوای ئەوەی بەهۆی بەزاندنی سنوورەکانی تورکیاوە، فڕۆکەیەکی جەنگیی لەلایەن ئەو وڵاتەوە خرایە خوارەوە، سیستمی بەرگریی مووشەکیی لە جۆری S-400 لەسووریا جێگیرکردبوو.
دوای ئەوەی نەتوانرا ئەو ئاگربەستەی لە12ی ئەیلوولدا لەسووریا دەستیپێکردبوو، بەردەوامیی پێبدرێت، رووسیا و ئەمریکا لەوبارەیەوە یەکتریان تاوانبارکردبوو. دوێنێش هەردوو وڵات ئاماژەیان بەوەکردبوو کە پەیوەندییەکانیان سەبارەت بە سووریا راگرتووە.