Hejar Hekim
08 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2017
چۆمان - AA
- کۆڵبەری کارێکی قاچاخ نییە، پیشەیەکی ھەڵبژێردراو نییە، بەڵکۆ پیشەیەکی بەناچارییە.
خنکانی پێنج کۆڵبەر لە دیوی ئێران و گیانلەدەستدانی کۆڵبەرێکی دیکە لە ھەفتەی رابردوو بەھۆی قورسی بارەکەی لە شارۆچکەی خانێ، ناڕەزایەتی کرێکۆڵەکان و خەڵکی ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، بۆیە ئێران کاردانەوەی توندی نواند و بڕیاری قەدەغەکردن و سزای توندی بۆ ئەو کرێکۆڵانە دەرکرد کە لە دیوی ھەرێمی کوردستان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن قسە دەکەن.
لەناو کەشێکی ساردی زستاندا و لە پلەی ٦ ژێر سفری سەدی لە رۆژدا و، ١٧ پلەی ژێر سفر لە شەودا، کۆڵبەرانی ئێرانی کە سەرجەمییان کوردن، سەختی ژیان ناچار بەھەڵگرتنی زیاتر لە ١٠٠ تا ١٥٠ کیلۆگرام بار دەکات کە بەکۆڵ لە سنوورە نافەرمییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران کەلوپەلی جۆراوجۆر ئاودیوی ئێران دەکەن.
ماوەی نێوان گۆڕەپانی کۆڵەبەرەکان و سنووری نێودەوڵەتی ناحیەی حاجی ئۆمەران ٣٠ خولەکە بەمەودای ٥ کیلۆمەتر.
زیاتر لە ٧٠ سانتیمەتر و لە ھەندێ شوێنیش یەک مەتر بەفر باریوە، پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵۆ بووە سەربار، ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە لە نیوەی رێگادا پەیوەندییان گرت کە دەبێت بگەڕێنەوە، چونکە بەگوتەی بەرپرسانی ئەمنی ناوچەکە، ھەر ئێستا فەرمانیان پێدراوە کە قەدەغەی چوون بۆ ئەو شوێنە بکرێت، بەڵام دوای چەند ھەوڵێک لە رێگای پەیوەندیکردن بەچەند بەرپرسێکی کارگێڕی ناوچەکە، توانرا وێنە و دیمەنی سەختی و ساردی ناوچەکە تۆمار بکرێت.
قورسی ئەم کارە تەنھا بەر کۆڵبەرەکان نەکەوتووە، بەڵکو لە دیوی ھەرێمی کوردستانیش زەحمەتی زۆری بۆ کرێکار و شوفێرەکانیش ھەیە.
بارەکان بەشێوەی یاسایی و بەگۆمرگ کردنییان لە دیوی ھەرێمی کوردستانەوە رێگە پێدراون، بۆیە بەشێک لە شۆفێرانی دیوی ھەرێمی کوردستانیش بەزەحمەتییەکی زۆر بەئۆتۆمبێلی جۆری تۆیوتا پیک ئاب کە لە ناوچەکە پێیدەگوترێت "مێگ زەمین" لە کۆلە رێگایەکی سەخت بارەکان دەگەیننە شوێنی کەناڵ، واتا بازاڕچەی کرێکۆڵەکان.
لەوێدا دیمەنی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر تۆمار کرا، کاتێک دەیوست بارەکەی بگەینێتە ناو کۆڵبەران، ھەروەھا شەختە و خلیسکی رێگاکە ھۆکار بوو کە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان خۆی پێمادا بکێشێت، بەڵام بێ زیان بوو و دەربازبووین.
ئەگەرچی کارێکی قورسە، بەڵام دەرفەتی کار بۆ دانیشتوانی سەر سنووری لە ھەردوو دیوەوە بۆ کاسبکاران دروست کردووە، بەشێویەک ھەر کرێکارێک لە سەرخستنی بار بۆ ناو ئۆتۆمبێل بڕی ١٠ ھەزار وەردەگرێت و کرێی ھەر جارێکی ئۆتۆمبێلیش ٣٠ ھەزار دینارە.
زیاتر لە ٢٠٠ شوفێر و ٣٠ کرێکار لە سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەران و قەزای چۆمان بژێوی لەو رێگا سەختە پەیدا دەکەن.
شوفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان، بەناوی کارۆخ بۆڵی بۆ ئانادۆڵۆ گوتی: "چەندینجار ئۆتۆمبێلەکەم وەرگەڕاوە و لە مردن رزگارمان بووە، کارێکی تا بڵێی ئەستەم و پڕ مەترسییە، بەڵام ناچارین ئەم کارە بکەین. لە وەرزی سەرماوسۆڵە کارەکە زەحەمتر و مەترسیدارترە".
ناوبراو زیاتر گوتی: "ھەندێک کەس و میدیا وای باس دەکەن گوایە ئەم کەلوپەلانە قەدەغەکراون، بەڵام لە راستیدا وانیە، ھیچ شتێک قاچاخ نییە، تەنھا کەلوپەلی ئەلیکترۆنی قەدەغەیە وەک مۆبایل و کۆمپیوتەر. ئێرە سنوورێکی نافەرمییە، بەڕێککەوتنی نێوان ھەردوولا کراوەتەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی سەر سنوور بتوانن سەرقاڵ بن و ژیانی رۆژانەیان پەیدا بکەن، بەڵام لە راستیدا کۆڵبەرەکانی دیوی ئێران لە کۆڵەمەرگیدا دەژین".
ھەروەھا لە دیوی ئێرانیشەوە ژمارەی کۆڵبەرەکان زیاتر لە ٤ ھەزار کۆڵبەرن و بەپێدانی کارتی کار لە مەرزی سنووری تەمەرچین بەرپرسانی ئێران رێگەیان پێداوە کۆڵبەری بکەن.
کاتێک وێنەی کۆڵبەرانمان دەگرت، ترسییان ھەبوو بەشێکییان تکایان دەکرد وێنەیان بسڕینەوە (عەکسەکەم پاک بکەوە تکایە)، بەگوتەی یەکێک لە کۆڵبەرەکان کە نەیویست ناوی بھێنرێت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ئەگەر ئێران ئەم وێنەیە ببینێت یان چاوپێکەوتنەکەمان ببینن، ئەوا کارتی کارمان لێ دەستێنن و نانبڕاو دەکرێین، بۆیە لە ئێستادا چاودێرییەکی چڕمان لەسەرە، ھەندێک لە کۆڵبەرەکانیش راسپێردراون بۆ ئەم کارە کە ھەر کەس قسە بکات بەرپرسانی سنووری ئێران ئاگادار بکاتەوە، واتا لەناو کۆڵبەراندا سیخوڕیش دانراوە".
لەناو کۆڵبەرەکانی سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێراندا تەنھا کەسێک کە ویستی قسە بکات ناوی ( ) ئەو کەڕولاڵ بوو، بەڵام بەزمانی هێما بۆ ئانادۆڵۆ قسەی کرد، یەکێک لە ھاوڕێیەکانی قسەکانی بەتێگەیشتنی خۆی بۆمان باس دەرکرد و گوتی: "من خاوەنی ٤ منداڵم، خەڵکی شاری خانێم لە ژیانێکێ زۆر ناخۆش و دژواردا دەژیم، فەقەراتم ھەیە، لێ ھەژاری ناچاری کردووم بێم ھەر نەبێت دوو سێ کارتۆن کەلوپەل بار بکەم".
تەمەنی کۆڵبەرەکانی سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران لەنێوان ١٢ ساڵ تا ٧٠ ساڵدایە.
کڕێوە! کرێکۆڵەکانی تووشی ھەناسەسواری کردبوو، بۆیە هەناسەسواری وایکردبوو بەزەحمەت بتوانن بەیەک ھەڵسانەوە بارەکان ئاودیوی ئێران بکەن.
ئەوان بۆ پشوودانێکی کورت و دانانەوەی بارەکانیان پێویستییان بەچەند کەسێک ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن دیسان بکەونەوە ڕێگا.
ئەوان جگە لە رۆژانی ھەینی و پشووە فەرمییەکانی ئێران و رۆژانی بەفر بارین ئەم کارە ناکەن، چونکە لەو دیوی سنووری ئێران ھەر کەسێک خاوەنی کارتی میللی و کارتی کار نەبێت، یان رۆژی پشوو بێت ئەوا سەربازە ئێرانییەکان تەقەیان لێ دەکەن، بەو ھۆیەشەوە تا ئێستا ژمارەیەکیان کوژراون.
جێگەی ئاماژەیە دوای ئەوەی ٥ کۆڵبەر لە سنوورەکانی دیوی ئێرانەوە ژێر بەفر کەوتن، ٦٠ چالاکوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران، داواکارییەکیان ئاراستەی سەرۆکۆماری ئەو وڵاتە، حەسەن روحانی کرد بۆ ئەوەی دەرفەتی کار بۆ پارێزگاکانی نزیک سنوور بەتایبەت ناوچە کوردنشینەکان بڕەخسێنرێت، بۆ ئەوەی دانیشتوانی کورد لەم ناوچانە نەبنە قوربانی.