Rewa Mahmut Hasan,Mohammed Abdu Abdulbaqı
19 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2016
حەلەب AA
دوای دوو رۆژ لەوەستان ئەمڕۆ پرۆسەی گواستنەوەی خەڵکی سڤیل لە خۆرھەڵاتی شاری حەلەب سەرلەنوێ دەستیپێکردەوە. بەپێی رێککەوتنی نێوان ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سووریا، چاوەڕوان دەکرێت کاروانی گواستنەوەی خەڵکی لە ناحیە شیعەنشینەکانی فوعە و کەفرەیای ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆن لە نزیک ئیدلب ١٠ پاس کە خەڵکی مەدەنی و لایەنگرانی رژێمیان ھەڵگرتبوو دەستیان کرد بە جوڵە و، پاسەکان بەرەو ناوچەکانی حەلەب لە ژێر کۆنترۆڵی ئەسەد دەڕۆن.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە خۆرھەڵاتی شاری حەلەب باکووری سووریا، لەنێوان ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سووریا و گرووپەکانی لایەنگری ئەسەددا رێککەوتنێکی نوێ ئەنجامدراوە.
رێککەوتنەکە بەنێوەندگیریی تورکیا و رووسیا ئەنجامدراوە.
بەپێی رێککەوتنەکە، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ ٢٠ ھەزار لە خەڵکی سڤیل و ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن بگوازرێنەوە و سبەی سێشەممە ھەموو ئەوانەی دەمێننەوە بگوازرێنەوە
شەوی رابردوو یەکەم کاروان کە لە ٥٠٠ کەس پێکھاتبوون لەخۆرھەڵاتی حەلەبەوە بەڕێککەوتن و نیو کاتژمێر لەمەوبەر گەیشتنە ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆن لە خۆرئاوای حەلەب.
لەبەرامبەریشدا بەپێی رێککەوتنەکە، لەماوەی سێ رۆژدا نزیکەی چوار ھەزار کەس لە ناحیەکانی فوعە و کەفرەیا دەگوازرێنەوە کە لەژێر گەمارۆی ئۆپۆزسیۆندان.
- دۆخی فوعە و کەفرەیا
فوعە و کەفرەیای شیعەنشین پێکەوە نزیکەی ١٥ ھەزار دانیشتوانیان ھەیە و لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی حزبوڵڵا و سوپای پاسدارانی ئێراندایە. ئەو دوو ناحیەیە ماوەی ساڵ و نیوێکە لەژێر گەمارۆی ئۆپۆزسیۆنی سووریادایە. بەڵام رژێم لەئاسمانەوە پێداویستیی مرۆیی و سەربازییان بۆ بەردەداتەوە. پێویستییەکانی خەڵکەکەی بەم جۆرە دابیندەکرێت.
ئۆپۆزسیۆن رایدەگەیەنێت کە ١٨ ناوچەی دیکە ھەیە لەژێر کۆنترۆڵی رژێمدان و ئەگەر گەمارۆی سەر فوعە و کەفرەیا ھەڵبگرن، رژێم لەو ناوچانەدا کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدات.
- لە مەزایا و زەبەدانی-شەوە خەڵکی دەگوازرێنەوە
بەم رێککەوتنە، خەڵکی سڤیل لە ناحیەی مەزایا و شارۆچکەی زەبەدانی-شەوە دەگوازرێنەوە کە لەژێر گەمارۆی رژێمدان.
چاوەڕوان دەکرێت سبەی سێشەممە ھەزار و ٥٠٠ کەس لە بریندار، نەخۆش و منداڵان بگوازرێنەوە.
- تیرۆریستان رێگرییان لە گواستنەوەی خەڵکی حەلەب کردبوو
گرووپە تیرۆریستییەکانی لایەنگری رژێمی سووریا کە لەلایەن فەرماندەی ئێرانی، جەنەراڵ سەید جەوادەوە فەرماندەییان دەکرێت، رۆژی ھەینی و پێنجشەممەی رابردوو ھێرشیان کردە سەر کاروانی خەڵکی حەلەب و ١٨ کەسی سڤیلیان کوشت.
گرووپە تیرۆریستییەکان ھەر لە سەرەتاوە دژایەتیی ئاگربەست و گواستنەوەی خەڵکی شارەکەیان دەکرد و لەدواین پەلاماریشدا مەرجی ھەڵگرتنی گەمارۆی سەر ناحیە شیعەنشینەکانی فوعە و کەفرەیا-یان کردبوو کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە گەمارۆدراون.
چالاکییەکانی ئەو گرووپانە لەلایەن رایگشتیی جیھان و نەتەوەیەکگرتووەکانەوە وەک تاوانی جەنگ ناودەبرێت.
نزیکەی حەوت ھەزار تیرۆریست کە لە حزبوڵڵای لوبنان و عێراق، فەوجی فاتمیونی ئەفغانستان، فەوجی بزووتنەوەی نوجەبای عێراق و فەوخی باقر پێکدێن، بەردەوامن لە چالاکییەکانیان لە خۆرھەڵاتی حەلەب.