Mohammed Baqi Hussein
19 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2016
حەلەب - AA
بانای تەمەن حەوت ساڵ کە کۆمەڵکوژییەکانی حەلەبی لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەجیھان گەیاند، لەحەلەبەوە گەیەنرایە شوێنێکی ئارام.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە ئیدلب، بانا و خێزانەکەی ئەمڕۆ لە حەلەبەوە بەو پاسانەی خەڵکی پێدەگوازرێتەوە، گەیشتوونەتە شاری ئیدلب کە لەژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆندایە.
بانا و فاتیمەی دایکی کە مامۆستای زمانی ئینگلیزییە، سێ مانگ لەمەوبەر لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەرەوە بانگەوازیان لە جیھان کرد کە ھەوڵبدەن بۆ راگرتنی کۆمەڵکوژییەکانی حەلەب.
فاتیمەی دایک نامەی بۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولوود چاوشئۆغڵو ناردبوو و داوای ھاوکاریی لێکردبوو. چاوشئۆغڵوش لەوەڵامدا بەڵێنی رزگارکردنی بانا و خێزانەکەی و خەڵکی سڤیلی شارەکەی دابوو.
ئەم دایک و کچە لەئێستادا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نزیکەی ٣٢٠ ھەزار (فۆڵەوەر) شوێنکەوتوویان ھەیە.
لەئەنجامی نێوەندگیریی تورکیا و رووسیادا، شەوی رابردوو ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سووریا لەبارەی گۆستنەوەی خەڵکی سڤیلی حەلەبەوە گەیشتنە رێککەوتنێکی نوێی و سەرلەنوێ دەست بە گواستنەوەی خەڵکی شارەکە کرایەوە.
لەبەرامبەریشدا بەیانیی ئەمڕۆ لە ناحیەکانی فوعە و کەفرەیا-شەوە کە لەژێر گەمارۆی ئۆپۆزسیۆندان، گواستنەوەی خەڵکی دەستیپێکرد.
گواستنەوەی خەڵکی حەلەبیش بۆ ئیدلب بەردەوامە.