Wassim Samih Seifeddine
03 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2024
بەیروت ــ AA
لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوەڕاستی لوبنان، شەش کەس کوژراون و حەوتی دیکەش برینداربوون.
درەنگانی شەوی ڕابردووەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ١٧ ھێرشیان کردە سەر ناوچەکانی دەوروبەری بەیروت پایتەختی لوبنان.
یەکێک لە ھێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل، ناوچەی باشوورى ناوەڕاستی بەیروت-ی کردە ئامانج.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ھێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی باشوورە، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی کراوەتە ئامانج و لە ئاکامدا، شەش کەس کوژراون و حەوتی دیکەش برینداربوون.
ھاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، ھێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری بەیروت، زیانی زۆریان بە ژمارەیەک باڵەخانە گەیاندووە.
ھەر لەوبارەیەوە گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئافیخای ئەدرعی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایگەیاندووە کە ھێزەکانیان، ھێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک ئامانج لە بەیروت، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.