Nour Mahd Ali Abuaisha
07 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2024
غەززە ــ AA
بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە سەرۆکی بزووتنەوەکە، یەحیا سینوار وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە لە شوێنی ئیسماعیل ھەنییە دەست نیشان کراوە.
بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "دوای ئەوەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، ئیسماعیل ھەنییە رۆژی ٣١ی مانگی ڕابردوو لە ئاکامی ھێرشێکی ئیسرائیلدا لە تاران تیرۆرکرا، یەحیا سینوار سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە دەست نیشان کراوە.
ڕاشیگەیاندووە کە یەحیا سینوار ، دوای ڕاوێژ و گفتوگۆی چڕوپڕ لە دامەزراوەکانی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس، وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە دەست نیشان کراوە.
ھەروەھا بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیاندراوەکەدا، متمانەی خۆی بە سەرکردایەتی یەحیا سینوار نیشانداوە لەوەی لەم قۆناغە ھەستیار و ئاڵۆزدا، بە باشی سەکردایەتی حەماس دەکات.
ھەر لەوبارەیەوە سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس، ئوسامە حەمدان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند کە یەحیا سینوار وەک جێگرەوەی ئیسماعیل ھەنییە بە کۆی دەنگ لەلایەن ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوەکە بوو.
ئاماژەی بەوەشداوە کە دەست نیشانکردنی یەحیا سینوار بۆ سەرۆکایەتی مەکتەبی سیاسی حەماس کە دەستەی جێبەجێکاری بزووتنەوەکەیە، یەکێتی و ھۆشیاری بزووتنەوەکە دووپات دەکاتەوە لەو مەترسیانەی کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
گوتیشی: دەست نیشان کردنی یەحیا سینوار وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە ئیسرائیل لە پەیرەوکردنی سیاسەتی تیرۆرکردن، سەرکەوتوو نابێت لە تێکشکاندنی مقاوەمە".
یەحیا سینوار لە ساڵی ٢٠١٧دا، وەک سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە ھەڵبژێردرا و دووبارە لە ساڵی ٢٠٢١دا وەک سەرۆکی بزووتنەوەکە ھەڵبژێردرا.
هەروەها یەحیا سینوار لە ساڵی ١٩٦٢ لە کەمپی خان یونس باشووری کەرتی غەززە لەدایکبووە و ساڵی ٢٠١١ ژیانی ھاوژینی پێکھێناوە.
یەحیا سینوار بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٢ لەلایەن سوپای ئیسرائیل دەستگیر کرا و دوای شەش مانگ ئازاد کرا و لە ساڵی ١٩٨٥ جارێکی دیکە دەستگیرکرا و دوای ھەشت ئازاد کرا.
ئیسرائیل، یەحیا سینوار بە ئەندازیاری ھێرشی "گەردەلوولی ئەقسا" دەزانێت کە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ کرایە سەر جوولەکەنشینەکانی نزیک سنووری کەرتی غەززە کە بەھۆیەوە دەزگا ھەواڵگریی و ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە بەردەم جیھان تووشی شۆک بوون.